جەنگیز یورەکلی یەکێک لە پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد وتی، "سیستمی بێ مافی و بەدەر لە مافەکان لە ئیمراڵی، کاتێک دەبێتە بابەتی قسەسەرکردن، لە تورکیا هیچ مرۆڤێکی کۆمەڵگە ئازاد نابێت، چونکە کاتێک زوڵم لەسەر کوردان هەبێت، ئەوانی دی ناتوانن بە ئازادی، دڵخۆشی و ئارامی بژین".
عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد نزیکەى ساڵێک بوو، کە هیچ هەواڵ و زانیارییەکی نەبوو، رۆژی پێنجشەممە محەمەد ئۆجالانی برای پەیوەندییەکی تەلەفونی بۆ ماوەى ٥ خولەک لەگەڵ ئەنجامدا. محەمەد ئۆجالان وتی، لە ناکاو پەیوەندییە تەلەفونەکە پچڕا و وتویەتی، "دەمەوێت پارێزەرەکان بێن بۆ ئێرە و چاوپێکەوتنم لەگەڵ ئەنجام بدەن".
جەنگیز یورەکلی پارێزەری نووسینگەى مافەکانی سەدە لەبارەی ئەو پەیوەندییە لە دوای ١١ مانگ و هەلومەرجی گۆشەگیری قسەى بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و وتی، "ئەوە بە مانای یاریکردنە بە کاردانەوەکانی کۆمەڵگە. ئەوە ٢٢ ساڵە بە شێوازی جۆراوجۆر گۆشەگیری درێژەی هەیە. بەرپرسیاریی ئەوە گەورەیە. لە دژی یاسا و مافەکانە. چاوپێکەوتنی کورت لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان دۆخێکی مەترسیدارە. هەر خۆی وتبوی، 'ئێوە هەست بەوە ناکەن و لێی تێناگەن، من ئەوە قبوڵ ناکەم'. بۆ ئەوەى هەندێک شت بۆ هۆشیاری بخاتەڕوو، ئەوانە لێدوانی گرنگن، کە باس لە قەیران و ئاڵۆزی دەکەن".
گۆشەگیری بابەت و قسە و باسێکە، کە ٢٢ ساڵە هەیە
یورەکلی باسی ئەوەیکرد، لە زیندانی ئیمراڵی شوێنێک بۆ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد وەک شوێنی گۆشەگیری ئامادە کراوە و پشتبەستوو نییە بە هیچ مەرجێکی یاساییەوە و وتی، "ئەو گۆشەگیرییە دیزانیکردنی سیاسەتێکە. حسابیان بۆ کاردانەوەى کۆمەڵگە کردووە. ٢٢ ساڵ تەواو بوو. لەو رووەوە دەبێت ئەم ٢ پرسیارە بکرێن:
١ - بەپێی پێوەرە بنەڕەتییەکانی ماف و ئازادییەکان، دەبێت لەو بابەتەدا چی بکرێت، دەرەنجام و ئەو دۆخەى دێنە پێشەوە چی دەبێت؟
٢ – دەبێت هەست بەوە بکەن و لێی تێبگەن، ئەوەی لەوێ گۆشەگیر دەکرێت عەبدوڵا ئۆجالانە، ئەوە کێشەکی زیندانە؟، باشە ئەوە سنووردارە بە زیندانەوە یان نا؟".
یورەکلی وتیشی، "ئەو دۆخەى ئێستا بەپێی دەستووری بنەڕەتی و بە پێی رێککەوتننامە نێونەتەوەییەکان نییە، ئەو رێککەوتننانە، کە تورکیا بۆ خۆی ئیمزای کردوون، لە دژی مافە نێونەتەوەییەکانە. کاتێک لەو بابەتە وردبینەوە، ئەوەی روودەدات هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ گۆشەگیریدا نییە. لە ئەوروپا و جیهاندا شتێکی وەها لە گۆڕێدا نییە. ئەستەمە و هەرگیز ئەوە قبوڵ ناکرێت. دەبێت بابەتی ماف و ئازادی نەبێتە بابەتە هەڕەشە و گوڕەشە. بە رەهایی ٢٢ ساڵە گۆشەگیری هەیە.
هیچ بەها و نۆرمێکی کۆمەڵگەى ئەخەلاقی ئەوە قبوڵ ناکات
پارێزەر جەنگیز یورەکلی باسی لە زیندانی ئیمراڵی کرد و وتی، "لە دوورگەیەکدا ٤ مرۆڤ لە دۆخی ژووری تاکە کەسیدان و ئەو کەسانە بە ناسنامە و شوناس کوردن. چوار مرۆڤ بۆ کورد بۆ ئاشتی و دیموکراسی تێکۆشاون، لەبەر ئەوە قوربانییان داوە، بەپێی یاساکانی ئێستا سزای هەتاهەتاییان هەیە، لە دوورگەیەک لە دەرەوەی جیهان، کە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ دەرەوەدا نییە راگیراون. رێگا نادەن ئەو ٤ کەس لە ناو خۆیشیاندا پەیوەندییان پێکەوە هەبێت. هیچ هەواڵ و زانیارییەکیان بۆ دەرەوە بڵاوناکرێتەوە، ئێمە ناتوانن هیچ هەواڵ و زانیارییەکیان لەبارەیەوە بڵاوبکەینەوە، هەواڵ و زانیاری هەر ئەوەیە، کە دوای ساڵێک لە رێگەى تەلەفونێکی ٥ خولەکییەوە بوو. ئەوە دۆخێکە، کە هیچ بەها و نۆرمێکی کۆمەڵگەى ئەخەلاقی قبوڵی ناکات. تەنانەت ئەستەمە هۆش و عەقڵی مرۆڤ ئەوە قبوڵ بکات و بەرگەى بگرێت، لەسەر ئەو بنەمایە دەیانەوێت ئەوان لەوێ هەم بە رۆح و هەم بە جەستە تێکبشکێنن و لە ناویان ببەن".
یورەکلی ئاماژەى بە مەرجەکانی گۆشەگیری و ئاستی کۆمەڵگە کرد و وتی، ئەوانەى لەوێن تەنها "سزادراو" نین و وتیشی، "عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی قەڵایەکی گەورەیە. بە روونی و بە ئاشکرا دەیڵێم، ئەگەر ئێمە باسی ئاشتییەکی کۆمەڵایەتی لە هەموو ئاستەکاندا دەکەین، ئەوەى هەوڵی بۆ دەدات، چارەسەری پێشدەخات و پرۆژەى بۆ دەئافرێنێت، عەبدوڵا ئۆجالانە. کاتێک بەو جۆرە بێت، دەبێت دۆخی کێشەکە لە زیندان زیاتر بۆ ئاشتی و ئارامی و دیموکراسی بڕەخسێنرێت و پشتیوانییان لێ بکرێت".
بەردەنگ و موخاتەبی سەرەکی عەبدوڵا ئۆجالانە
یورەکلی باسی ئەوەیکرد، ئەگەر کێشەى کورد چارەسەر نەبێت لە تورکیا کێشەى دیموکراسی چارەسەر نابێت. یورەکلی رایگەیاند، کێشەی کورد کێشەى گرنگ و سەرەکیی تورکیایە و وتی، "بۆ چارەسەری ئەوەش موخاتەب و بەردەنگی سەرەکی و بنەڕەتی عەبدوڵا ئۆجالانە. ئەوە راستییەکە، کە نەک تەنها بزووتنەوە سیاسییەکانی کورد و رای گشتیی دیموکراتیک، بەڵکو جارناجارێکیش دەوڵەت و حکومەت قبوڵی دەکەن".
عەبدوڵا ئۆجالان هیچ بەرپرسیارییەکی لە کۆتایهاتن بە پرۆسەى ئاشی نییە
پارێزەر جەنگیز یورەکلی باسی لە کۆتایهێنان بە "پرۆسەی ئاشتی" لە ساڵی ٢٠١٥دا کرد و وتی، عەبدوڵا ئۆجالان هیچ پەیوەندییەکی بە کۆتایهێنان بەو پرۆسەیەوە نییە و رایگەیاند، "هەموو ئاکتۆرەکان، دەسەڵات، دەوڵەت، بیرۆکراسی، کۆمەڵگەی سیاسی، ئۆپۆزسیۆن و هەموو کەس دەتوانن بەرپرسیار نیشان بدەن، بەڵام ئەستە و هەرگیز نابێت عەبدوڵا ئۆجالان لە دوورگەى ئیمراڵی وەک بەرپرسیار نیشان بدرێت. پرۆسەکەیان لە ٢٠١٥ بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیان کۆتایی پێهێنا. دواتر هەموو شوێنێک داخرا. لە چاوپێکەوتنی ٢٠١٦دا لەگەڵ براکەیدا (لەگەڵ محەمەد ئۆجالان)ی وتبوو، 'هێشتاش بۆ ئاشتی لە هەوڵدام. ئەگەر دەوڵەت جدی بێت، دەتوانێت ٢ کەس بنێرێت، ئێمە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین'. دوای ئەوە قۆناغی (مانگرتنی لەیلا گیوڤەن) ٢٠١٩ روویدا و بە بەردەوامیی دەیوت، ئاشتی، بەڵام لە بەرامبەردا گۆشەگیری چڕ و قورستر کرا. هەموو دەزگاکانی راگەیاندن و میدیایی، کە ئەو کاتە باسی گرنگیی رۆڵی عەبدوڵا ئۆجالانیان دەکرد، ئێستا دەیانەوێت تاوانباری بکەن".
گۆشەگیریی ئیمراڵی لە بێ چارەسەرییەوە دێت
یورەکلی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو گۆشەگیرییە لە ئیمراڵی بەڕێوەدەچێت هۆکارەکەى بۆ بێ چارەسەری دەگەڕێتەوە و باسی لە بەرپرسیاریی رای گشتی کرد و وتی، "بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیری چالاکیی مانگرتن ١٢٠ رۆژی تێپەڕاند. لە رای گشتیدا زانیارییەکی زۆر لەبارەی ژیان و تەندروستییانەوە بڵاودەکرێتەوە. پەیوەندییە تەلەفونییەکەی رۆژی پێنجشەممە پچڕێنرا. سەرباری ئەوەش دەبێت رای گشتی و رۆشنبیران دەنگیان زیاتر هەڵبڕن. کاتێک زوڵم لەسەر کوردان هەبێت، ئەوانی تر ناتوانن بە ئازادی، دڵخۆشی و ئارامی بژین".
تەلەفونێک بوو بۆ کەمکردنەوەى ناڕەزایەتییەکان
جەنگیز یورەکلی پارێزەر لە نووسینگەى مافەکانی سەدە ئەوەشی راگەیاند، ئێمە وەک پارێزەران هیچ هەواڵ و زانیارییەکمان لەبارەی تەندروستییانەوە لە بەردەستدا نییە و ئەوەشی وت، "پەیوەندییەک ئەنجامدرا، بەڵام بەپێی یاسا و مافەکان نەبوو. کاتێک پرۆسەى داخستن (داخستنی هەدەپە) لەبەرچاو بگیرێت لەگەڵ بڵاوبوونەوەى ئەو زانیارییانە (لەبارەی ژیان و تەندروستیی رێبەری گەلی کوردەوە)، رەنگە بووبنە هۆی ئەنجامدانی ئەو پەیوەندییە تەلەفونییە و ئەوەش بۆ ئەوە بوو بێت، کە ناڕەزایەتییەکان کەم بکەنەوە. بە داخەوە ئەو پەیوەندییە تەلەفونییە لە کاتی قسەکردندا پچڕێنرا، موەکیلەکانی تریشمان بە ئامانجی ئیدانەکردن و ناڕەزایەتی ئامادە نەبوون پەیوەندیی تەلەفونی ئەنجام بدەن. دۆخێکی گۆشەگیری هەیە و زانیاریی نادرێت. دوای ئەوە دەچن هەواڵ بە ناو رای گشتیدا بڵاودەکەنەوە، دواتر وەک ئەوەى شتەکە زۆر ئاسایی و سادەیە و هەموو شتێک لە جێی خۆیدایەتی، راگەیاندراوێکی کورت بڵادەکەنەوە. ئەو زانیارییە راست نییە، ئەوە دۆخێکی جدی و دەرونییە".
ژ.ت