کۆبوونەوەی گەل لە شاری هاڵێی ئەڵمانیا: لەپێناو ئازادی رێبەر ئۆجالان تێکۆشان بەگوڕتر دەکەین

هاوسەرۆکی کۆن-مەد روکەن ئاکچا لە میانی کۆبوونەوەی گەل لە هاڵێ قسەی کرد و رایگەیاند، بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی جەستەیی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تێکۆشان بەگوڕتر دەکەن و بەشداری رێپێوانەکەی ١٨ی تشرینی یەکەم لە بەرلین دەکەن.

لە شاری هاڵێی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد" کۆبوونەوەی گەل سازکرا. هاوسەرۆکی کۆن-مەد روکەن ئاکچا و سیاسەتمەدار فەیسەڵ سارییەڵدز بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد.

روکەن ئاکچا باسی لەوەکرد، دەبێت گەلی کورد پێشەنگایەتی بۆ هەڵمەتەکە بکەن و وتی، "دەبێت لە پێناو ئازادی جەستەیی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئێمە گوڕ بە تێکۆشان بدەین. دەبێت ئێمە ئەنجومەنەکانی گەل بونیاد بنێین و لەپێناو مافە دیموکراتیکەکانمان تێبکۆشین و خاوەنداری لە رێکخراوەکانمان بکەین".

ئاکچا ئەوەی خستەڕوو کە کاتی ئەوە هاتووە بە یەکدەنگی لە دژی قەدەغەی پەکەکە دەنگ هەڵبڕن و وتی، "بۆ رێپێوانی ١٨ی تشرینی دووەم/ نۆڤەمبر لە بەرلین، ئامادەکارییەکانمان خێراکردووە، دەبێت هەوڵ بدەین بە دەیان هەزار کەس بەشداری رێپێوانەکە بکەین".

سیاسەتمەدار فەیسەڵ سارییەڵدزیش قسەی کرد و سەرنجی راکێشا بۆ سەر قەدەغەی سەر پەکەکە و وتی، "ئێمە پێمان ناوەتە قۆناغێک کە قەدەغەکردنی پەکەکە بووەتە هۆکاری ئەوەی گەلی کورد نەتوانن مافە دیموکراتیکەکانیان بەکار بهێنن. وەزیری ناوخۆ ئەو سەردەمەش رایگەیاند، بڕیارەکە سیاسیە و بنەمای یاسایی نییە. وتنی، 'چالاکیەکانی پەکەکە زیان بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا دەگەیەنێت' بەڵگەیە لەسەر ئەوە. ئێمەش دەڵێین کە ئەو قەدەغەکردنە پەیوەندی بە گۆشەگیرییەوە هەیە. لەراستیدا لە سەر ئاستی نێونەتەوەییش لە دژی ئەشکەنجەی سیستماتیک هیج هەنگاوێک نانرێت".

هـ . ب