کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر هەرێمەکانی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێرشە زنجیرەیی و بەرفراوانەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆسەر هەرێمەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین، شەڕی لە سەرتاسەری ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان بڵاوکردووەتەوە، وەک کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، ئەم هێرشانە بە پاکتاو دەزانین و بە توندی ئیدانەی دەکەین.
کۆدار ئاماژەی بەوەشکردووە: هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک، هەموو گەلی کورد و هەرچوار بەشی کوردستانی ڕووبەڕووی مەترسیی جديی کردووەتەوە، تەنانەت گەلانی دیکەی ناو جوگرافیای کوردستان لەژێر مەترسیی کۆمەڵکوژیی دان، بۆیەش کۆمەڵکوژیی گەلانی بندەستیش بەشێکە لە بەرنامەکانی شەڕی سێیەمی جیهانی.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر هەماهەنگییەکانی پەدەکە بۆ سوپای تورک و هاتووە: زلهێزەکانی جیهان و دەوڵەتی تورک، لە هەبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق (پەدەکە)، وەک ئامرازێک بۆ بە ئەنجام گەیاندنی کۆمەڵکوژیی ناتەواوی کورد، سوود وەردەگرن، ئەم پارتە بووەتە قەڵابڕی هێزە جیهانییەکانی ناو شەڕی بەرامبەر قەڵای کوێستانی کوردستان و هەموو دەستکەوتە نەتەوەیی و مێژووییەکانی گەلەکەمان دەخاتە مەترسییەوە، بێگومان گیانی هیچ تاک و گەلێکیش پارێزراو نییە.
کۆدار جەختیشی لە پێویستیی پشیتوانییکردنی بەرخۆدانی گەریلا کردووە و دەڵێت: ئەڵقەی تەواوکەری بەرخۆدانی گەریلا، سەرهەڵدانی یەکدڵانەی گەلەکەمانە، سەرهەڵدان شکستی دوژمن یەکلایی دەکاتەوە، چونکە هەم دەوڵەتی تورک و هەم زلهێزە جیهانییەکان، لە گەورەترین قەیرانەکانی مێژووی خۆیان دان و دەسەڵاتی فاشیستی ئەردۆغان-باخچەلی، لە کۆتایی شەرمەزارانەی خۆی نزیک بووەتەوە، بۆیە سەرکەوتنی کوردەکان و شکستی دەوڵەتی تورک، دەتوانێت شەڕی سێیەمی جیهانی ڕابگرێت، شەڕی شۆڕشگێرانەی گەلیش دەتوانێت بەهێزەوە لە بەرامبەر شەڕی سێیەمی جیهانی بگەشێتەوە، کە گەریلا لەم پێناوەدا ئەرکی خۆی بەجێی هێناوە.
کۆمەڵگای دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێرشە قڕکەرانەکانی سوپای داگیرکەری تورک وەک زنجیرەیەک هێرش بۆ داگیرکردنی تەواوەتی باشوری کوردستان دەزانێت و داوا لە “هەموو گەلەکەمان و پارتەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، گەلانی بندەست، بە تایبەتی گەلانی عەرەب و ئێران دەکەین، بە ئامادەبوونیان لە مەیدانەکانی خەبات، مەترسییە ترسناکەکان لە داهاتووی خۆیان دوور بخەنەوە، هەروەها بانگهێشتی گەنجان دەکەین کە لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی بەرخۆدان، بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بن."
ک-ش