خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا سەردانی فەڕەنسای کرد

شاندێکی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا سەردانی فەڕەنسای کرد.

شاندێکی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٣دا سەردانی ئەنجومەنی پیرانی فەڕەنسای کرد.

شاندەکەی خۆبەڕێوەبەریەکە کە لە بەدران چیا کورد گوتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی خۆبەڕێوەبەری، عەبدولکەریم عەمەر نوێنەری خۆبەڕێوەبەری لە ئەوروپا، روکسان محەمەد گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، نوری مەحمود گوتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و خەلیل عیسا نوێنەری خۆبەڕێوەبەری لە فەڕەنسا پێک دەهات، لەلایەن سیناتۆر پیێر لۆرانت لە باڵەخانەی ئەنجومەنی پیرانی فەڕەنسا لە پاریس پێشوازی لێکرا.

ماڵپەڕی فەرمی خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا باسی قەیرانی ١٢ ساڵەی سوریا و چارەسەری قەیرانەکە کراوە.

هەردوو لایەن، ئاماژەیان بە رێگری سیاسی، ئابوری، مرۆیی و ئەمنی کە رووبەرووی خۆبەڕێوەبەری دەبنەوە، هەروەها هەڕەشە و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کردووە کە ئارامی و ئایایشی ناوچەکە تێک دەدەن.

تاوانەکان لە هەرێمە داگیرکراوەکانی وەک کوشتن، دەستگیرکردن و گۆڕینی دیموگرافیای هەرێمەکە لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و کوشتنی ٤ کەس لە شەوی نەورۆزدا، رۆژەڤی سەرەکی گفتوگۆی هەردوولا بوو. راگەیەندرا کە پێویستە فەڕەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر ئەو دۆسیانە بەرپرسیاری خۆی جێبەجێ بکات.

پیێر لورەنت باسی فیداکاری گەلی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەدژی چەتەکان کردووە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربانیانی بومەلەرزە و جندرێس کردووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە کە هاوکاری خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا دەکەن و پەیوەنیەکانی نێوان هەردوولا پەرە پێدەدەن کە لەدژی تیرۆر بوەستنەوە و قەیرانی سوریا بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دیموکرات چارەسەر ببێت.

ف.ق