خۆپیشاندان لە رۆژهەڵات و ئێران بێ پسانەوە بەردەوامە

ئەو خۆپیشاندانانەی دوای کوژرانی ژینا ئەمینی هەموو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گرتەوە، بێ پسانەوە بەردەوامن. لەماوەکانی رابردوودا چالاکی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگاکان زیاتر بووە.

خوێندکاران بوونە پێشەنگی سەرهەڵدانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. لە شاری مەریوان و چەند شارێکی تر خوێندکارانی ئامدەیی رژانە شەقامەکان و بە وتنەوەی دروشم ناڕەزایەتییان نیشاندا.

لە سەقز گەنجان بە کردنەوەی ئاگر و وتنەوەی دروشم کۆماری ئیسلامییان شەرمەزار کرد.

لە چەند شارێک لە چوارچێوەی سەرهەڵدانەکەدا هاووڵاتیان دوکان و بازاڕەکانیان داخست.

لە شاری پیرانشاریش بە بەشداری ژمارەیک لە هاووڵاتیان تەرمی کۆمار دەرئوفتادە مێرمنداڵی تەمەن ١٧ خاکسپێردرا و لەوێ باوکی کۆمار رایگەیاند، شانازی بە کوڕەکەیەوە دەکات.

لە سنەش مەراسیمی بەخاکسپاردنی سارینا ساعدی تەمەن ١٧ ساڵ بەڕێوەچوو، کە لە خۆپیشاندانەکانی رۆژانی رابردووی ئەو شارە ژیانی لەدەستدابوو، لە مەراسیمەکەدا بێ پسانەوە دروشمەکانی 'ژن ژیان ئازادی' و 'شەهید نامرن' وترانەوە.

لەلایەکی ترەوە خوێندکاران بە شێوەیەکی بەرچاو بەشداری لە خۆپیشاندانەکان دەکەن و زانکۆیان کردووەتە گۆڕەپانی خۆپیشاندان.

لە شاری شەهریاری سەر بە کەرەج ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان و چالاکوانان بەشدارییان لە چلەی یەکێک لە خۆپیشاندەرە کوژراوەکانی ئەو شارەکرد، بەڵام دواتر مەراسیمەکە گۆڕدرا بۆ خۆپیشاندان و هێزەکانی دەوڵەت هێرشیان کردە سەر بەشداربووان و هەوڵیان دا لە رێگەی توندوتیژییەوە بڵاوەیان پێبکەن.

هەروەها لەشارەکانی وەک ئەراک و تەورێزیش خۆپیشاندان و چالاکی هەبوون. لە زۆر ناوچە و گەڕەکی شارەکان هاوڵاتیان رژانە شەقامەکان و بە کردنەوەی ئاگر و وتنەوەی دروشم ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هـ . ب