کەجەدەکە_ئە: دەبێت هەمووان خاوەندارێتییەکی بەهێزتر لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن

کەجەدەکە_ئە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، گرنگییەکی ژیانی هەیە. بانگەواز لە گەلی کورد و دۆستەکانیان دەکەین خاوەندارێتییەکی بەهێزتر لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن".

پیلانگێڕیی ٩ ی تشرینی یەکەم

کۆنگرەی کۆمەڵگە دیموکراتیکەکانی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە_ئە) بەبۆنەی ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ٩ ی تشرینی یەکەم ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات لەگەڵ ئەم ساڵیادەدا هەرێمەکە بە قۆناغێکی چارەنووساز تێدەپەڕێت، هەروەها دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە داگیرکاری و قڕکردن و لە ئیمراڵی هیچ یاسایەک ڕەچاو ناکرێت و گۆشەگیرییەکی توند بەردەوامە.

"٢٦ ساڵە لە ئیمراڵی ئەشکەنجە هەیە"

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی بۆ کورد و چارەسەری پرسی کورد لەڕێگەی دیالۆگەوە پێش ٢٦ ساڵ هاتە ئەوروپا، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا بەها مرۆڤایەتییەکانیان کردە قوربانی بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان.

دەڵێت: "٢٦ ساڵە ڕێبەرێتیمان لە دوورگەی ئیمراڵی لە گۆشەیەکی تاکەکەسی لە گۆشەگیرییەکی تونددا ڕاگیراوە و درێژە بە سیستەمی ئەشکەنجە دەدرێت.

لە لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا، ماسیمۆ دی ئالێما، زۆر ڕوونە کە ئەندازیاری پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ئەمریکایە. لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، دی ئالێما بۆ میدیاکان ئاشکرای کرد کە بیل کلینتۆن سەرۆکی ئەمریکا سەردانی کردووە و پێی وتووە "ئۆجالان ڕادەستی تورکیا بکە". ئەمریکا پشتیوانی لە هەموو هێرشەکانی سەر ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد دەکات".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتکراوەتەوە بەرپرسی سەرەکی گۆشەگیری نایاسایی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەمریکا و کۆنسەی ئەوروپا و سی پی تی ـە. هاوپەیمانی فاشیستی ئاکەپە_مەهەپە لە بێدەنگی هێز و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بوێری وەردەگرێت و گۆشەگیری بەسەر تەواوی زیندانەکان و کۆمەڵگەدا سەپاندووە.

"فیکری ڕێبەر ئاپۆ گەردوونی بووەتەوە"

لە ڕاگەیاندراوەکەدا کەجەدەکە_ئە دەڵێت: " بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی، ئەو پارادایمەی کە پەرەی پێداوە و ئایدۆلۆژیای ئازادیخوازی ژنان، بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە و بووەتە گەردوونی. ئەمڕۆ لە هەموو جیهاندا ژنان و گەل بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستیان کردووە بە گەڕان بەدوای مافەکانیاندا. ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشانی ئازادیی کوردستانی لە ئاستی نێونەتەوەییدا ناساند".

هەروەها کەجەدەکە_ئە ئاماژە بەوە دەکات پاش دەسپێکردنی هەڵمەتی ئازادی لە ساڵی ڕابردوو، داخوازی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بووەتە داخوازییەکی گەردوونی.

"ئازادی ڕێبەر ئاپۆ گرنگییەکی ژیانی هەیە بۆ گەلی کورد"

کەجەدەکە_ئە دەڵێت: "لەژێر ڕۆشنایی ئەم ڕاستییە مێژووییەدا، تاوەکو گەلی کورد مانەوەی خۆی بپارێزێت و ئازاد ببێت، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ گرنگییەکی ژیانی هەیە.

بە ملیۆنان کورد ڕێبەر ئاپۆ وەک ڕێبەری خۆیان قبوڵ دەکەن. وەک چۆن ماندێلا بوو بە کلیلی چارەسەری شکۆمەندانە و دیالۆگی کێشەی ئەفریقای باشوور، عەبدوڵا ئۆجالان کلیلی چارەسەری ئاشتیانە و دیموکراسیانەی پرسی کوردە لە تورکیا. ڕێبەر ئاپۆ نوێنەری تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیی گەلی کوردە.

لە ٢٦ هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەوەییدا، بانگەواز لە گەلەکەمان و دۆستەکانمان و مرۆڤایەتی دەکەین، خاوەندارێتی بەهێزتر لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن و هەڵمەتی نێونەتەوەیی کە ١٠ ی تشرینی یەکەم کە پێ دەنێتە ساڵی دووەمەوە، بە هەموو جیهاندا بڵاوبکەنەوە".