کەجەدەکە- ئە: دەوڵەتی تورک ناتوانێت بە هێرشەکانی گەلی کورد شکست بدات

کەجەدەکە – ئە، هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و سروشتی کوردستان شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، "داگیرکاری، هێرش و بۆردومانی دەوڵەتی تورک ناتوانێت گەلی کورد شکست بدات".

کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیکى کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە – ئە)، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و سروشتی کوردستان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە،" لە ماوەی ڕابردوو هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە باشووری کوردستان زیادی کردووە، کە ئامانجی ئەم هێرشانە کۆچبەرکردنی گەلی کورد و چۆڵکردنی باشووری کوردستانە".

کەجەدەکە - ئە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، دەوڵەتی تورک بەو ئامانجەی، سەروەری عێراق پێشێل دەکات، هاوڵاتیانی مەدەنی کۆمەڵکوژ دەکات. تەنها لە مانگی ڕابردوودا، ٥ جار هێرش کراوەتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی. لەبەر چاوی جیهان کۆمەڵکوژی  ئەنجامدا و حکومەتەکانی عێراق و باشوور کوردستانیش بە بێدەنگی چاویان بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییانە نوقاندوە. بەم بێدەنگییە هێرشە داگیرکارییەکان قبوڵ دەکەن."

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەدەکە - ئە دا هاتووە، لەم دواییانەدا لە ناوچەی پێنجوێنی سەر بە سلێمانی ئۆتۆمبێلێک بۆردومان کرا، لە ئەنجامدا ٣ ئەندامی بنەماڵەیەکی خەڵکی دهۆک شەهید بوون، ڕاشگەیەندرا، زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە عەفرین ڕفێندراون، لە چوار لای کوردستان دارستانەکان دەسوتێنرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیشکراوەتەوە، ئەم کۆمەڵکوژیانەی دەوڵەتی تورک هەڕەشەیە بۆسەر ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە. تا کۆتایی بە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکە نەهێنرێت، ئاشتی و ئارامی مسۆگەر نابێت. بۆ لەناوبردن هێرش دەکاتە سەر جوگرافیای گەلی کورد. دەوڵەتی تورک ناتوانێت بە داگیرکاری، هێرش و بۆردومان گەلی کورد شکست بدات".

کەجەدەکە- ئە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، داوای لە هەمووان کرد، بەرامبەر هێرشەکان بۆسەر گەلی کورد و جوگرافیای کوردستان وشیاربن، وتیشی: پێویستە لە وڵاتان دیپلۆماسییەکی بەهێز بەڕێوەببرێت و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک ئاشکرا بکرێت.

ژ.ن