کەجەکە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەشداربووانی رێپێوانی گەورەی کۆڵن کرد

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەبۆنەی رێپێوانەکەی شاری کۆڵن، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.

کەجەکە رایگەیاند، کە لە رێگەی رێپێوانی کۆڵنەوە هەڵمەتی ئازادی کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکردبوو، چووە قۆناغێکی نوێوە و ورایگەیاند، "ئێمە داوا لە گەلەکەمان، دۆستانمان، ژنان، گەنجان و هەموو ئازادی خوازان و دیموکراسیخوازان دەکەین، کە زیاتر پەرە بە کار و خەباتیان بدەن، لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادیدا لە هەموو شوێنێک خۆیان بگەیەننە ملیۆنان کەس و هەڵمەتەکە بگەیەننە سەرکەوتن".

راگەیەندراوەکەی کەجەکە بەم جۆرەیە: "لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادی کە بە دروشمی 'ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ، چارەسەری بۆ پرسی کورد' لە ١٧ی شوباتی ٢٠٢٤ لە شاری کۆڵن رێپێوان و گردبوونەوەیەکی گەورە سازکرا. لە سەر بانگەوازی رێکخراوە کوردستانیەکان لە ئەوروپا و دۆستانی گەلی کورد، بە دەیان هەزار کەس بەرەو گۆڕەپانی گردبوونەوەکە رێپێوانیان کرد و بە سەدان هەزار کەسیش گردبوونەوەیەکی شکۆمەندیان سازکرد. سڵاو لەو گردبوونەوە شکۆمەند و واتادارە دەکەین، گەلە وڵاتپارێزەکەمان کە بەشداری لە گردبوونەوەکەدا کردووە و هەروەها سەرجەم ئەوانەی رەنج و ماندووبونیان کێشاوە، پیرۆزباییان لێدەکەین. دۆستان، ژنان، گەنجانی ئینتەرناسیۆناڵیست کە بۆ ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد، بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرن، پێشەنگایەتی بۆ هەڵمەتی ئازادی دەکەن، پیرۆزبایی لە سەرجەمیان دەکەین، سڵاو لە هەوڵەکانیان دەکەین، سڵاو و رێزیان پێشکەش دەکەین. ئەوان هەڵوێستێکی زۆر گرنگ، زۆر واتاداریان نیشاندا. گەلی کورد هەوڵ و هەڵوێستی ئەوان لە پشتیوانی لەگەلی کورد زۆر بە نرخ دەبینێت.

بە رێگەی رێپێوان و گردبوونەوەی گەورەی کۆڵنەوە هەڵمەتی ئازادی گەیشتە سەدان هەزار کەس و بەم جۆرە پێینایە قۆناغێکی نوێوە. ئەو قۆناغەش بە جەماوەریبوونی هەڵمەتی ئازادییە. هەڵمەتی ئازادی کە دۆستانی گەلی کورد لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا دەستیان پێکرد و پێشەنگایەتیان بۆکرد، بە گردبوونەوەی ١٧ی شوباتی ٢٠٢٤ بە جەماوەری بوو و گەیشتە قۆناغێکی نوێ. لەو بڕوایەداین کە لە ئێستا بە دواوە هەڵمەتی ئازادی لە هەموو شوێنێک، لە چوار پارچەی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات بە بەشداری ملیۆنان مرۆڤ جەماوەریتر دەبێت. لەسەر ئەو بنەمایە داوا لە گەلەکەمان، دۆستانمان، ژنان، گەنجان، هەموو ئازادیخوازان و دیموکراسی خوازان دەکەین، کە کار و خەباتیان فراوانتر بکەن، لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادیدا لە هەموو شوێنێک خۆیان بگەیەننە ملیۆنان مرۆڤ و هەڵمەتی ئازادی بگەیەننە سەرکەوتن".

هـ . ب