ڕێکخراوبوون دژی شەڕ، ئامانجی سەرەکیمانە

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە کۆنفرانسی ڕێکخستندا قسەی کرد و ڕایگەیاند لە دژی شەڕ بزووتنەوەی ئاشتی ڕێکدەخەن.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری

کۆنفرانسی ڕێکخستنی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) بە درووشمی "بۆ ئازادی خۆمان ڕێکدەخەین" لە ژووری ئەندازیارانی بیناسازی دەستی پێ کرد. لە کۆنفرانسەکەدا هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری قسەی کرد.

حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستە سەر کۆنفرانسی ڕێکخستنی ژنان کە دوو ڕۆژی خایاند و ڕایگەیاند کۆنفرانسەکە کرایە دیاری بۆ ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە بە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک شەهیدکران.

حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند شەڕ لە کوردستان و تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان بەربڵاوە و جەختی کردەوە لە داخوازی ئاشتی پاشەکشە ناکەن، گوتی: "لەم کۆنفرانسانەدا بە دینامیکی ناوخۆیی لە تورکیا و دینامیکی هەرێمی و تۆڕی ئاشتی نێونەتەوەیی، بزووتنەوەی ئاشتی دژی شەڕ ڕێکدەخەین".

حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "بەرامبەر ئەو هەڤاڵانەی لە زیندان ڕاگیراون، دژی گۆشەگیری ئیمراڵی و نەبوونی زانیاری دەربارەی بەڕێز ئۆجالان، بەرامبەر ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانانەی ئەم خاکە بۆردوومان دەکەن، بەرامبەر ئەو ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدارانەی کوژراون، بەرامبەر ئەوانەی بەبێ دادگایی کوژراون، بەرامبەر نارینەکان و مناڵەکان، بەرپرسیارێتییەکی مەزنمان لەئەستۆدایە. هەڵبەتە کردنەوەی قۆناغێکی وەهای بەبنبەست گەیشتوو، هەروەها دیاریکردنی نەخشەڕێگا، بەرپرسیارێتی سەرەکی و مێژووییمانە لەم کۆنفرانسە گرنگەدا".

حاتەم ئۆغۆللاری ئاماژەی بەوە کرد سیاسەتی دەرەوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ناکرێت.  

جەختی کردەوە لەم قۆناغەدا هاوکاری هەموو لایەنە ئۆپۆزیسیۆن و دیموکراتەکان پێویستە، چونکە دەسەڵات خوازیارە فاشیزم قووڵتر بکاتەوە.