ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەی بە ڕاگەیاندراوێک ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی سەبارەت بە پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ شەریفە محەمەدی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، هاوكات داوای ئازادکردن و هەڵوەشاندنەوەی سزاکە دەکەن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە جارێکی دیکە داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی دەکەین و دەبێت دەستبەجێی ئازاد بکرێت. لە بڕیارەکەی دادگای شۆڕشی ڕەشت کەموکوڕی یاسایی هەبووە و بە نایاسایی شەریفە محەمەدی سزا دراوە.
هاوكات، لە ٥ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ شەریفە محەمەدی تەمەن ٤٥ ساڵی خەڵکی ورمێ و دانیشتووی شاری ڕەشت، لەلایەن کارمەندانی بەڕێوبەرایەتی زانیاریی ڕەشت لە ٥ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت" دەستگیر کرا و لەلایەن دادگای شۆڕشی ڕژێمی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.
شایەنی باسە بەهۆی فشاری چالاکوانان و ئازادیخوازان لە ١٢ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لەلایەن لقی ٣٩ـی دادگاوە سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی زیندانیی سیاسیی هەڵوەشێندرایەوە. دواجار لە ١٣ـی مانگی شووباتدا دووبارە سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی پەسەند کرا.