ڕێکخستنەکانی ڕۆژنامەوانان هێرشی سەر ژن تی ڤی شەرمەزار دەکەن

کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی دیجلە و فورات و پلاتفۆرمی ڕۆژنامەوانانی ژنی میزۆپۆتامیا، بە ڕاگەیاندراوێک هێرشی سەر تیمەکەی ژن تی ڤی-یان شەرمەزار کرد، بانگەواز لە هێزە نێونەتەوەییەکان دەکەن بێدەنگ نەبن.

کۆمەڵەی ڕۆژنامەوانانی دیجلە و فورات و پلاتفۆرمی ڕۆژنامەوانانی ژنی میزۆپۆتامیا بە ڕاگەیاندراوێک هێرشی سەر تیمەکەی ژن تی ڤی-یان لە ڕۆژئاوا شەرمەزار کرد، ئاماژە بەوە کرا، ئەم هێرشانە بە شێوەیەکی تایبەت و ڕێکخراو دەکرێتە سەر ڕۆژنامەوانانی ژن، هەروەها هیچ کەس ناتوانێت کارمەندانی چاپەمەنی ئازاد ملکەچ بکات.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "هێشتاش ڕۆژنامەوانانی کورد و چاپەمەنی ئازاد قوربانی زۆر دەدەن لەپێناو گواستنەوەی ڕاستی، بەداخەوە، ئەمجارە نموونەیەکی تر لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویدا، فڕۆکەی دەوڵەتی تورک ئۆتۆمبیلێکی تەلەفزیۆنی ژن تی ڤی کردە ئامانج، سەرەتا ئەم هێرشە شەرمەزار دەکەین.

وەک دەزانرێت، پیشەی ڕۆژنامەوانی بە شێوەیەکی گشتی کاردەکاتە سەر هەموو لایەنەکانی ژیان و گرنگییەکی تایبەتی هەیە و تێکۆشانێکی مەزن لەخۆدەگرێت، هەروەها یەکێکە لە ڕێگەکانی تێکۆشان دژی دانپیانەنان بە ناسنامەی گەل و دژی زوڵم و سەرکوتی دەوڵەت، بۆیە بەردەوام فشار و سەرکوت و هێرش هەیە بۆ سەر ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن، ئەم هێرش و فشارانە بەشێوەیەکی سیستەماتیک و تایبەت دەکرێتە سەر ڕۆژنامەوانانی ژن، زۆرجار ڕۆژنامەوانانی ناوچەی شەڕ، ڕووبەڕووی هێرش و کوشتن دەبنەوە.

"پێویستە دەزگا نێونەتەوەییەکان بێدەنگ نەبن"

فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک، لە ٢٣ ی ئاب، ئۆتۆمبیلێکی ڕۆژنامەوانانی کردە ئامانج لەسەر یەکتربڕی گوندی تەل شەعیر لەسەر ڕێگەی قامیشلۆ_عامودا، بەهۆیەوە ڕۆژنامەوان دەلیلە عەگید بریندار بوو، هەروەها کارمەندی ژن تی ڤی، نەجمەدین فەیسەڵ حاج سینان شەهید بوو. پێش ئەمەش، ڕۆژنامەوانان، سەعد ئەحمەد و محەمەد ڕەشۆ و وڵات و ئیسماعیل عەبدوڵا، بە هێرشی فڕۆکەی تورک لەسەر ئەرکەکانیان گیانیان لەدەستدا.

دەوڵەتی تورک بەم هێرشانە لەپێشچاوی جیهان هەموو ڕێککەوتن و یاسا نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ پێشێل دەکات، بۆیە پێویستە دەزگا نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ و چاپەمەنی، بەرامبەر ئەم هێرشانە خۆیان کەڕ و لاڵ نەکەن، وەڵامێکی کاریگەر بەرامبەر ئەم هێرشانە پیشان بدەن. با باش بزانن، ناتوانن بەم ئۆپەراسیۆن و کوشتن و فشار و سەرکوت و ئەشکەنجە و هێرشانە، کارمەندانی چاپەمەنی ملکەچ بکەن. شوێنکەوتووانی ڕاستی هەرگیز دەست لە گەیاندنی ڕاستی و حەقیقەت بەرنادەن.

دووبارە هێرشی سەر ڕۆژنامەوانان شەرمەزار دەکەین، داوا لە دەوڵەتی تورک دەکەین، دەست لەم هێرشە نائەخلاقییانە هەڵبگرێت، هەروەها سەرەخۆشی لە ماڵباتی ژن تی ڤی و هەموو ڕۆژنامەوانان دەکەین، دەڵێین، خەباتکارانی چاپەمەنی ئازاد نامرن".