کۆماو حەوتەمین کۆنگرەی خۆی بەست
لە حەوتەمین کۆنگرەی کۆماو ئەوە دیاریکرا، کۆمەڵەکە گەیشتۆتە هەیکەلێکی ڕێکخراو و پتەو، هەروەها مەجلیسی کۆماو هەڵبژێردرا کە لە ٤١ کەس پێکدێت و ٩ کەسیان لە دەستەی بەڕێوەبردن دەبن.
لە حەوتەمین کۆنگرەی کۆماو ئەوە دیاریکرا، کۆمەڵەکە گەیشتۆتە هەیکەلێکی ڕێکخراو و پتەو، هەروەها مەجلیسی کۆماو هەڵبژێردرا کە لە ٤١ کەس پێکدێت و ٩ کەسیان لە دەستەی بەڕێوەبردن دەبن.
کۆمەڵەی ماڵباتی بێسەروشوێنان و شەهیدانی کوردستان (کۆماو) لە شاری هێرنی ئەڵمانیا حەوتەمین کۆنگرەی بەست. هۆڵی کۆنگرەکە ڕازێنرایەوە بە وێنەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و پێشەنگانی پەکەکە و گەریلاکانی ئازادی کوردستان و پانکارتی "شەهیدان شکۆی گەلەکەمانن، شەهید نامرن، ئێمە قەرزاری شەهیدانین".
کۆنگرەکە بە بەشداری ٣٠٠ بەشدار و ماڵباتی شەهیدان و نوێنەری دامەزراوە کوردییەکان پێکهات.
کۆنگرەکە بە خولەکێک وەستان بۆ یادکردنەوەی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان دەستی پێ کرد. هاوسەرۆکانی کۆماو، فاتمە ئۆزەر و جەمیل گوڵتەکین قسەیان کرد. فاتمە ئۆزەر گوتی: "هەموو بست و دار و بەردێکی کوردستان بە خوێنی شەهیدان ئاودراوە".
جەمیل گوڵتەکین گوتی: "ئێمە لە وڵاتێکی سەرمایەداری دەژین. ئەگەر نامانەوێت ڕۆڵەکانمان و پاشەڕۆژمان ونبکەن، دەبێت چاندی خۆمان و دۆزی شەهیدەکانمان بە ڕۆڵەکانمان بڵێین".
پاش وتەی هاوسەرۆکان، دیوان هەڵبژێردرا. بە ناوی دیوانەوە، عەلی کۆنکورت، ئاماژەی بەوە کرد، کۆماو خاوەنی هەیکەلێکی ڕێکخراو و پتەوە.
کۆنگرە کرایە دیاری بۆ شەهید د. حوسێن و ساڵح جزیری و ئەڤین گۆیی
بە پێشنیاری دیوان، کۆنگرەی حەوتەمی کۆماو کرایە دیاری ساڵەح جزیری (حەسەن ئادیر) و د. حوسێن (سەلمان بۆزکور) کە ٥ ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورک شەهید بوون، هەروەها ئەڤین گۆیی (ئەمینە کارا) کە ٢٣ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە پاریس شەهید کرا.
پاشان هاوسەرۆکی کەنەکە، ئەحمەد کاراموس، ئاماژەی بەوە کرد، دامەزراوەی ماڵباتی شەهیدان بناغەی تێکۆشانە و دامەزراوەی پیرۆزن، دووپاتی کردەوە، وەک کەنەکە هەموو پشتیوانییەک پێشکەش دەکەن.
کاراموس باسی لە سەردانەکەی هاکان فیدان کرد بۆ باشوری کوردستان و چاوکەوتنی بە بەرپرسانی حکومی و سەرکردەکانی پەدەکە، گوتی: "ئەگەر حکومەتی باشور نرخی بۆ شەهیدان دانایە، نەدەبوو ئەو ڕێزە لە بکوژی شەهیدان بگرێت. بانگەواز لە هەموو گەلی کوردی بە ویژدان دەکەم، ئەم هەڵوێستەی حکومەتی باشور قبووڵ نەکەن".
پاشان بە ناوی تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا، زەینەب بافێ قسەی کرد. گوتی: "خاوەندارێتی لە یادی شەهیدان دەکەین و درێژە بە تێکۆشان دەدەین".
"بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ، تێکۆشان مەزن دەکەین"
هاوسەرۆکی کەجەدەکە-ئە، ئەنگین سەڤەر، گوتی: "ئێمە لە قۆناغێکی دژوارداین. ئێمە لە یادی سەد ساڵەی لۆزان داین. ڕێبەر ئاپۆ ٢٥ ساڵە لە زیندانە. تێکۆشان بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ ٥٠ ساڵە بەردەوامە. دەیان هەزار گەنج شەهید بوون. ئەم دامەزراوەیە نوێنەری ڕەنج و تێکۆشانی ئەوانە. ٢ ساڵە هیچ زانیارییەک دەربارەی ڕێبەر ئاپۆ نییە. ئێمە بە پێشەنگایەتی ماڵباتی شەهیدان تێکۆشان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ مەزن دەکەین. دەبێت هەموو گەلی ئێمە بەشداری ڕێپێوانی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بکەن لە مانگی ئەیلول".
نوێنەرانی ناڤ-یەک و فەد-مەد و فەدا و جیک و پەیەدە بەشداری کۆنگرەکە بوون و قسەیان کرد. کۆنگرەکە بە وتەی بەشداران و ڕەخنە وپێشنیارەکان بەردەوام بوو.
پاش وتەکان، ڕاپۆرتی کاری دوو ساڵ خوێندرایەوە. پاشان هەڵبژاردنی کۆنگرە ئەنجامدرا، ٤١ کەس بۆ مەجلیس و ٩ کەس بۆ دەستەی بەڕێوەبردن هەڵبژێردران.