کۆمەڵکوژی گەڕەکی غازی: دەبێت سەرۆک وەزیرانی ئەوکات و بکوژان سزابدرێن

لە چالاکی یادکردنەوەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی ساڵی ١٩٩٥ لە گەڕەکی غازی ئیستەنبوڵ، داواکرا بەپرسیاران سزابدرێن.

لە کۆمەڵکوژی ١٢ ی ئاداری ١٩٩٥ لە گەڕەکی غازی ناوچەی سوڵتان غازی، ٢٢ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەس برینداربوون.

لەسەر بانگەوازی پلاتفۆرمی ١٢ ی ئادار لەبەردەم وەقفی پەروەردە و چاندی گازی (جەمخانە) بەبۆنەی ٢٩ هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژییەکە چالاکی یادکردنەوە بەڕێوەچوو.

بێجگە لە کەسوکاری قوربانیان، پەرلەمانتاری دەم پارتی ئیستەنبوڵ، جەلال فورات و کاندیدانی هاوسەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ، مەراڵ دەنیش بەشتاش و موراد چەپنی، چەندین کەسێتی و نوێنەری پارت و ڕێکخراوەکان ئامادەبوون.

جەماوەر بە هەڵگرتنی پانکارتی "لە غازیەوە تا عومرانیە دادپەروەری دەخوازین" تاوەکو پارکی حوسەین ئاڵتین کە ٢٩ ساڵ پێش ئێستە چەندین کەسی تێدا کوژرا، ڕێپێوانیان کرد.

لە ڕێپێوانەکەدا درووشمی "شەهیدانی غازی نامرن" و "شەهیدانی غازی شکۆی ئێمەن" و "گەلی غازی لێرەیە، بکوژ لەکوێن" و "دادپەروەری بۆ غازی و بۆ هەمووان" بەرزکرانەوە. بۆ یادکردنەوەی قوربانییەکان لە پارکی حوسەین ئاڵتین گوڵ دانرا. پاشان برای یەکێک لە قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکە، ئەرکان شیشمەک ڕایگەیاند هێشتا تووڕەیی و ئازاریان تازەیە.

شیشمەک ڕایگەیاند ئەم کۆمەڵکوژییە هەوڵێک بوو بۆ چاوترساندنی ئۆپۆزیسیۆنی شۆڕشگێڕ و هەموو گەلانی شۆڕشگێڕ و دیموکرات، هێرشێک بوو بۆ سەر هەموو گەل و پێکهاتەیەک، لە شوێنێکی وەک غازی بەردەوام پۆلیس دەگەڕێت، بۆچی بکوژان ونبوون؟ ئەمەش تووڕەیی و ئازاری گەلی زیاتر کرد و بەرەو بنکەی غازی بەڕێکەوتن.

شیمشەک ڕایگەیاند پاش هێرشی کەسە نەناسراوەکان، پۆلیس هێرشیان کردە سەر گەل و ١٨ کەسیان کوشت، بەڵام هێشتا بکوژان سزا نەدراون.

شیشمەک داوای کرد بەرپرسانی ئەو کۆمەڵکوژییە سزابدرێن، بەتایبەت سەرۆک وەزیرانی ئەوکات تانسو چیلەر، وەزیری ناوخۆ، نیهاد مەنتەش، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایش، سەرۆکی فەرمانگەی هەواڵگری حەنیفە ئاڤجی، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیس محەمەد ئاگار، پارێزگاری ئیستەنبوڵ خەیری کۆزاکچی ئۆغلو، بەڕێوەبەری ئاسایشی ئیستنەبوڵ نەجدەت مەنزیر.

پاشان بەرەو ئەو قاوەخانەیەی گولەباران کرابوو ڕێپێوانیان کرد و لە شوێنی کۆمەڵکوژییەکە گوڵیان دانا.

پاشان تا گۆڕستانی غازی ڕێپێوانیان کرد و لەسەر گۆڕەکان یادی قوربانیەکانیان کردەوە.