کەنعان ئایاس بە ئەڵمانیای وت:"دەبوو ئەردۆغان دادگایی بکەن، نەک من!

سیاسەتمەداری کورد کەنعان ئایاس،کە لە ئەڵمانیا دەستگیرکراوە، وتی:"دەبوو ئەمڕۆ ئەردۆغان لێرە دادگایی بکرایە نەک من."

سیاسەتمەداری کورد کەنعان ئایاس،کە لە ئەڵمانیا زیندانی کراوە، ڕایگەیاند گەلی کورد 'بۆ شکۆی مرۆڤایەتی' زیاتر لە ٢٠ هەزار شەهیدی لە شەڕی داعشدا داوە و وتی:"لە هەمووی زیاتر فاشیزمی ئەردۆغان شکۆی مرۆڤایەتی پێشێل دەکات، بەپێی دەستوور ئەمە تاوانێکی گەورەیە، دەبوو ئەمڕۆ لێرە ئەردۆغان دادگایی بکرایە نەک من."

ئەڵمانیا کە پەیوەندییەکی بەهێزی ئابووری و سیاسی لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا هەیە، لەم دواییانەدا لە چوارچێوەی سیاسەتی تاوانبارکردنی کورد، سیاسەتمەداری کورد کەنعان ئایاسی دەستگیرکردووە. کەنعان ئایاس لە ١٥ی ئازاردا لە قوبرس لەسەر داوای دەوڵەتی ئەڵمانیا دەستگیرکرا و ڕادەستی ئەڵمانیا کرایەوە. کەنعان ئایاس لە زیندانی دامتۆر لە شاری هامبۆرگ دەستبەسەر کرا. ئایاس لە گۆڕەپانی سیاسی کوردیدا ناسراوە، وەک وتاردەر بەشداری زۆر پانێڵ و سیمینار و کۆنگرە و کۆنفرانسی کردووە، بەتایبەتی لە کوردستان، تورکیا و ئەوروپا و پرسە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شیکردووتەوە و هەڵسەنگاندی بۆ کردووە.

کاتێک لە بواری سیاسەتی دیموکراتیک لە تورکیا کار دەکات، لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە چوارچێوەی دۆسیەی بنەڕەتی کەجەکەدا لە تورکیا زۆر سکاڵای یاسایی لە دژی کرایەوە و لە ٣ی تەشرینی دووهەم دەستی پێکرد. دادگاییکردنەکەی ئایاس هەتا ٢١ی کانوونی دووەم بەردەوامە و لە ١٦ دانیشتن پێکدێت.

ئایاس 'وانەی کەرامەت'ی بۆ دادگا وتەوە.

کەنعان ئایاس لە دانیشتنی دەستپێکی دادگای ویلایەتی هامبۆرگ سەرنجی بۆ مەسەلەی 'کەرامەت' ڕاکێشا و خاڵی 'نابێ دەستوەردان لە کەرامەتی مرۆڤەکان بکرێ' کە خاڵی یەکەمی مادەی دەستووری ئەڵمانیای وەبیرهێنایەوە، وتی، خاڵی دەستپێکی  ئەم دەستوورە زۆر تایبەتە، ئەم خاڵە بەرپرسیارێتییەکی گرنگ دەخاتە ئەستۆی کۆمەڵگا و دەوڵەتی ئەڵمانیا. نەپاراستنی کەرامەتی مرۆڤ لە دەستووری تورکیادا هەمان کارەکتەر نیشانی دەدات کە سەد ساڵە بە شێوەیەکی سیستماتیک لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پێشێل کراوە، تەنانەت بوونی گەلی کورد تا ئەم دواییانە بابەتی وتووێژ بووە، گەلی کورد هەوڵیداوە لە ژێر فشارێکی قورس و نکۆڵیدا خۆی بسەلمێنێت".

ئایاس ئاماژەی بەوەدا گەلی کورد ڕووبەڕووی قڕکردنی کولتووری و فیزیکی بووەتەوە و وەبیری هێنایەوە کە تێکۆشانی کورد بۆ پاراستنی کەرامەتییە،کە لەلایەن زۆرێک لە دەوڵەتانەوە بە تایبەت ئەڵمانیاوە وەک 'تیرۆر' سەیر دەکرێت. کەنعان  سەرەنجی بۆ تێکۆشانی گەلی کورد بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤایەتی ڕاکێشا و وەبیری هێنایەوە کە گەلی کورد لە دژی داعش شەڕی 'پاراستنی کەرامەتی مرۆڤایەتی' بەڕێوە برد و وتی:"داعش زۆرترین هێرشی کردە سەر کەرامەتی مرۆڤایەتی و ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورەی کردەوە. ژنانی کورد بۆ ژیانێکی بەکەرامەت شەڕی داعشیان بەڕێوەبرد وبە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بەسەرکەوتنی گەیاند. کورد لە پێناو ڕزگار کردنی مرۆڤایەتی لەدەستی بەڵای داعش زیاتر لە ٢٠ هەزار شەهید و دەیان هەزار برینداری داوە".

'کورد دژی فاشیزم تێکۆشان دەکات، ئەردۆغان بکوژە'

ئایاس ڕایگەیاند لە دژی داعش هاوپەیمانییەک پێکهێنراوە، زیاتر لە 30 دەوڵەت بەشدارییان ئەم هاوپەیمانییە بوون و بەبیری هێنایەوە کە ئەم هاوپەیمانییە کورد وەک هێزێکی ئازادی دەبینێت.

ئایاس وەبیری هێنایەوە کە ئەردۆغان چەکی بۆ داعش ناردووە و سەرنجی بۆ هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپی و پاشان کۆمەڵکوژیەکانی داعش ڕاکێشاوە. ئایاس ڕایگەیاند، ئەگەر کورد داعشی لەناو نەبردبا، داعش بە سەرکردایەتی ئەردۆغان دەستی بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگرت و دەیکردە دەریای خوێن. هەروەها باسی تاوانە جەنگییەکانی ئەردۆغانی کرد و وتی:" دوێنێ کورد هێزی ئازادی بوو کاتێک بەرگری لە مرۆڤایەتی دەکرد بەرامبەر فاشیزمی داعش، هێزی کەرامەت بوو، پێکەوە لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان شەڕیان کرد، بەڵام کاتێک فاشیزمی ئەردۆغان داگیرکاری کرد و کۆمەڵکوژی ئەنجامدا ئەوکات کورد بوونەتە تیرۆریست؟ ئەردۆغان لە بەر چاوی هەموو جیهانەوە کۆمەڵکوژی و شەڕی کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات. پێویستە هەمووان بەرامبەر فاشیزم وکۆمەڵکوژی ئەردۆغان ڕابوەستن، ئەوانەی ئەمرۆ هەڵوێستێک نانوێنن سبەی بەدەست ئەم فاشیزمەوە زیان دەبینن، لێرە نەک من، بەڵام دەبوو ئەردۆغان دادگایی بکراێت."

 

کەنعان ئایاس ڕایگەیاند کە ئەڵمانیا  لەسەر داوای دەوڵەتی تورک لە دژی چالاکوانانی کورد، لەم دواییانەش من دۆسیەی دەستپێکردووە و ڕایگەیاند کە کورد لە دژی فاشیزم بەرگری لە خۆی دەکات و ئەمە قەد نابێتە 'تیرۆریزم'.