کەنار: دەسەڵاتی دادوەری بووەتە شمشێری دەسەڵات

ماف ناس ئەرجان کەنار بڕیارەکەی دادگای باڵای بە کودەتایەکی یاسایی پێناسە کرد و وتی:" ئاکەپە هاوشێوەی سەردەمی نازییەکان دەسەڵاتی دادوەری کردووە بە شمشێری دەسەڵات."

لقی سێیەمی دادگای باڵای تاوانەکان دان بە بڕیارەکەی دادگای دەستوری سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی هاتای پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) جان ئەتالای نەنا و سکاڵای ئاراستەی ئەندامانی(ئا،ی،م) کرد. ئەمەش قەیرانێکی نوێی دروستکرد. پارێزەر ئەرجان کەنار لە بارەی ئەو پرسە لەگەڵ ئاژانسی ئەنەفە قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە هاوشێوەی سەردەمی نازییەکان لە سەردەمی ئاکەپەدا دەسەڵاتی دادوەری کردووە بە شمشێری دەسەڵات.

'دادگای دەستووری باڵا لە شەرعیەت دوور خراوەتەوە'

کەنار ئاماژەی بەوەشکرد، لە مێژووی کۆماردا یەکەمجارە دادگای باڵا پێشێلی بڕیارەکەی(ئا،ی،م) بکات و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە دۆخێکی سەرسوڕهێنەرە، ئەمەش مانای ئەوەیە کە دادگای دەستووری باڵا بە کردەوە داخراوە. کەنار ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە ئەوە نیشان دەدات کە لە تورکیا هیچ شتێک بە ناوی یاسا نەماوە، لە تورکیا قەد دادگاییکردن بەپێی پێوەرەکانی یاسا نەبووە، بەڵام لە سەردەمی حوکمڕانی ئاکەپەدا هیچ شتێک بە ناوی یاساوە نەماوە.

'ئەردۆغان دەیەوێت بە بەردێک لە دوو چۆلەکە بدات'

کەنار ئاماژەی بەوەدا کە بەشی سێیەمی تاوانەکانی دادگای باڵا بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەپێی داواکاریی دەسەڵات بڕیارێکی هاوشێوەی وەرگرتبێت و وتی، سەرۆک ئەردۆغان لە لێدوانەکەیدا سەبارەت بە قەیرانی دادوەری پشتگیری لە بڕیارەکەی دادگای باڵا کردووە.

کەنار بیری هێنایەوە کە(ئا،ی،م) دادگای باڵایە، بڕیارەکەی هەمووان دەگرێتەوە و وتی:"ئەگەر سەرۆک کۆمارێک بووایە کە ڕێزی لە یاسا بگربایە، دەیگوت بڕیاری دادگای دەستوری هەمیشەیی بۆ هەموو کەسێ کاریگەرە و دادگای باڵا بە هەموویانەوە و دەسەڵاتە ئیدارییەکان پێویستە بە پێی دادگای دەستووری هەمیشەیی هەڵسوکەوت بکەن، بەڵام نەیکرد، ڕاستیەکە ئەوەیە کە ئەردۆغان دەیەوێت بە بەردێک لە دوو کۆتر بدات، هەر بۆیە باسی دەستووری نوێ دەکات، ئەمە مانای ئەوە نییە کە دەستووری بنەڕەتی ئازادی دەپارێزێت، بە پێچەوانەوە تامەزرۆی دەستوورێکی بنەڕەتییە، کە بتوانێت گەرەنتی سەردەمێکی نوێ لە دوای هەڵبژاردن بکات، لە ئێستادا دەسەڵاتێکی تۆتالیتەر لە کاردایە و ئەمەش تێری ناکات .ئەردۆغان دەیەوێت دەستوور بگۆڕێت هەتا بتوانێت بەتەواوی دیکتاتۆریەتی خۆی بنیات بنێت."

"پراکتیکی دادوەری ئاکەپە کودەتا فاشیستەکەی ١٢ی ئەیلولی تێپەڕاندووە"

کەنار ڕایگەیاند لە ڕوانگەی دەسەڵاتی دادوەرییەوە خراپترین سەردەمە لە مێژووی کۆماردا و ئاماژەی بەوەدا کە پراکتیکی دادوەریی حکومەتی ئاکەپە کودەتای سەربازی فاشیستیەکەی ١٢ی ئەیلولی تێپەڕاندووە.هەروەها وتی:"هەروەک سەردەمی نازییەکان، دەسەڵاتی دادوەری بۆتە شمشێری دەستی دەسەڵات، یاسای شەڕ لەگەڵ دوژمن لە سەردەمی ئاکەپەدا گۆڕاوە بۆ یاسای شەڕ لەگەڵ دوژمن بەپێی ئاکەپە، ئەمە لە یاسای کلاسیکی شەڕ لەگەڵ دوژمن خراپترە."واتە ئەگەر کەسێک نەیار بێت، بەسە بۆ ئەوە سزا بدرێت و تۆمەتبار بکرێت."

'لە دژی ئەم کودتا یاساییە دەبێت بۆەستینەوە'

لە کۆتایی قسەکانیدا کەنار وتی:" پێویستە نوسینگەی پارێزەرانی تورکیا و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان چالاکانە دژی ئەم کودەتا یاساییە تێبکۆشن، تا ئێستا پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن ڕێگەی نەداوە گەل بڕژێنە گۆڕەپانەکان. ئۆزگور ئۆزەل، کە ئێستا بووەتە بە سەرۆکی جەهەپە، بەڵێنی بەرەنگاربوونەوەی داوە، دەیبینین کە قسەکانی خۆی جێبەجێ دەکات یان نا. بۆیە دەبێت جەماوەر هەڵوێستی هەبێت و بڕژێنە شەقامەکان."