کۆنفرانسی "یەکێتیی ئەوروپا، تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کورد" لە پەرلەمانی ئەوروپا کە ١٩ هەمین جارە ئەنجام دەدرێت، لە ڕۆژی دووەمدا بەردەوامە.
پاش پشووی نیوەڕۆ بە سەرپەرشتی ئارزو یەڵماز پانێڵی چوارەم بە ناونیشانی "یەکێتی ئەوروپا و کورد و تورکیا لە چوارچێوەی پێشکەوتن و دیموکراسییدا" بەردەوام بوو.
سەرەتا وتەبێژی هەدەکە و پەرلەمانتاری دەم پارتی مەرال دەنیش بەشتاش ڕایگەیاند بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا لە تورکیا جێبەجێ ناکرێت، تیشکی خستەسەر پرۆسەی نوێ لە تورکیا و دووپاتی کردەوە دەبێت ڕێگەی دیالۆگ بکرێتەوە، گوتی: "دیدگای عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی ڕوون و ئاشکرایە. ئاشتی و دیموکراسی لێک دانابڕێن. ئەم پرۆسەیەی لە مانگی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێ کردووە، بە بانگەوازی سەدەی ٢٧ ی شوبات گەیشتە قۆناغێکی نوێ. ئاشتی تەنها بە تێکۆشانی هاوبەش دێتەدی".
جۆستێد: کورد پێشەنگایەتی تێکۆشانی ئازادیی ژنان دەکات
لە پارتی چەپی سوید، جۆناس جۆستێد ڕایگەیاند ئەو گرنگیدانەی بە ئۆکرانیا و فەڵەستین دەدرێت، بە کورد نادرێت، گوتی: "بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن بە زمان و ئایینی خۆیان بژین، دیموکراسی پێویستە. مەلاکانی ئێران، ئەردۆغان لە ئەنقەرە، ئیسلامیستەکان لە سوریا، نایانەوێت سیستەمی کوردان بۆ هەموو گەلان بێتەدی".
'تورکیا بە ئاشکرا بەرەو دیکتاتۆرییەت دەچێت'
جۆستێد ڕایگەیاند کورد بۆ هەمووان دیموکراسییان دەوێت، تیشکی خستەسەر زیندانیکردنی ئیمام ئۆغلو و ڕووداوەکانی دواتر، گوتی: "دەبوو جەهەپە بەرامبەر هێرشەکانی سەر کوردان بێدەنگ نەبووایە. بە پشتگیری جەهەپە پەرلەمانتاری لە هەدەپەییەکان سەندرایەوە. کاتێک کاندیدانی خۆتان دەپارێزن، دەبێت مافی دەنگدەرانی دیکەش بپارێزن. تورکیا بە پرۆسەیەکی گرنگدا تێدەپەڕێت. تورکیا بۆ ئەوان نیمچە دیموکراسی و نیمچە دیکتاتۆری بوو، ئێستە تورکیا بە ئاشکرا بەرەو دیکتاتۆرییەت دەچێت. ئەوەی ترامپ لە ئەمریکا و پوتین لە ڕوسیا دەیکات، ئەردۆغان لە تورکیا هەمان شت دەکات. پێویستە دژی ئەمە تێبکۆشین و سەربکەوین".
ئەڤین ئینجر: لە پەرلەمانی ئەوروپا قسەی فاشیستانە و نەژادپەرستانە دەکرێت
لە پارتی سۆسیال دیموکراتی سوید، ئەڤین ئینجر ڕایگەیاند ڕاستڕەوە توندڕەو و کۆنەپەرستەکان یەکیان گرتووە و لە پەرلەمانی ئەوروپا زۆرینەن و قسەی فاشیستانە و نەژادپەرستانە دەکەن، ئاماژەی بەوە کرد لە ئەمریکاش سەرۆکێکی دژە دیموکراتیک هەڵبژێردرا، گوتی: "ئەمریکاش دیموکراسیی خۆی پێشێل دەکات. ترامپ ئەو بۆچوونانە پێشێل دەکات کە تا ئێستە قبووڵکراون".
لە پارتی چەپی دانیمارک، پێر کلاوسن ڕایگەیاند دەبێت پشتیوانی کوردان بکەن و خاوەنداری لە دیاریکردنی چارەنووسیان بکرێت.
لی ئاندرسۆن: پێویستە هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بەهێزتر پێکبهێنرێت
لە پارتی چەپی فینلەندا، لی ئاندرسۆن ڕایگەیاند ئێستە سەردەمێکی نوێیە و ڕاستڕەوە توندڕەوەکان بەهێزتربوون، گوتی: " کاتێک باس لە سیاسەتی جیهانی دەکرێت، هاتنی ترەمپ لە ئەمریکا بۆ کورد و فەڵەستینی و ئۆکرانی و گەلانی دیکە بە نەرێنی سەیر دەکرێت. کاتێک ترەمپ و پوتین پێکەوە مامەڵە دەکەن، بوێری بە ناتانیاهۆ دەدەن. ئەم ڕەوشە بوێری بە ئەردۆغان دەبەخشێت. پێویستە هاوپەیمانییەکی نێونەتەوەیی گەورەتر لە دژی ئەمە بنیات بنێین. دەبێت لە دژی ئەوان تێکۆشان بکەین".
لەیلا چایبی: ئیتر ئەردۆغان ناتوانێت بە بیانووەکانی پێشوو هێرش بکاتە سەر کوردان
لە پارتی چەپی فەرەنسا لەیلا چایبی لە کۆتایی پانێڵەکەدا گوتی: "بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان باس لە شۆڕشێکی دیموکراتیک و ئاشتیانە دەکات. ئێمە بەم شێوەیە لە بانگەوازەکەی ئۆجالان تێگەیشتین. دانانی چەک ڕێگا بۆ ئاشتی خۆش دەکات. لە هەمان کاتدا حەسرەتی گەلی کورد بەدی دێنێت. ئیتر ئەردۆغان ناتوانێت بە هەمان بیانووی پێشوو هێرش بکاتە سەر کورد. پێویستە بەردەوام بین لە تێکۆشان".