کۆنسەی ئەوروپا دەربارەی دیموکراسی هۆشداری دایە تورکیا
کۆنگرەی ئیدارە خۆجێی و هەرێمییەکانی کۆنسەی ئەوروپا لە ٤٨ەمین دانیشتنی خۆیدا نەخشەڕێگایەکی پەسەند کرد کە فشارەکانی سەر شارەوانییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا شەرمەزار دەکات.
کۆنگرەی ئیدارە خۆجێی و هەرێمییەکانی کۆنسەی ئەوروپا لە ٤٨ەمین دانیشتنی خۆیدا نەخشەڕێگایەکی پەسەند کرد کە فشارەکانی سەر شارەوانییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا شەرمەزار دەکات.
نەخشەڕێگاکە بە ٥٨ دەنگی بەڵێ، ٧ دەنگی نەخێر، دەنگێکی بێلایەن پەسەندکرا. دوورخستنەوەی هاوسەرۆکی شارەوانی وان عەبدوڵا زەیدان و زیندانیکردنی سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ ئەکرەم ئیمام ئۆغلو خاڵی سەرەکی نەخشەڕێگاکە بوون.
نەخشەڕێگاکە لەلایەن ڕاپۆرتدەران دەڤید ئەرای (سویسرا، ILDG) و بریۆنی ڕودکین (شانشینی یەکگرتوو، SOC/G/PD) ئامادەکرا و پەسەندکرا. لە نەخشەڕێگاکەدا ڕەخنە لە تورکیا گیرا لەبەرئەوەی لەو بەها دیموکراسییانە دوورکەوتووەتەوە کە لە جاڕنامەی ڕیکیاڤیک ٢٠٢٣ بەڵێنی پێ دابوو.
لە نەخشەڕێگاکەدا هاتووە کە ئەم ڕەوشە وایکردووە لەبری ئەو کەسانەی کە لەلایەن ٤ ملیۆن مرۆڤەوە هەڵبژێردراون، کەسانی دیکە دەستنیشانکراون بۆ بەڕێوەبردن.
لە نەخشەڕێگاکەدا لەگەڵ دوورخستنەوەی زەیدان لە پۆستەکەی، بە توندی ڕەخنە لە زیندانیکردنی ئیمام ئۆغڵو و ١٠٦ کەسی دیکە گیراوە. ئاماژە بەوە کراوە کە پێشتر سەرۆک شارەوانیەکانی ناوچەکانی شیشلی و بەیلکدوزوی ئیستەنبوڵ و بەشێک لە بەرپرسانی کارتال و ئەتاشەهیر دەستبەسەر کرابوون. لە نەخشەڕێگاکەدا هاتووە کە ئیمام ئۆغڵو کاندیدێکی بەهێز بووە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا، بۆیە زیندانیکردنی ئەو هەنگاوێکی سیاسی بووە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، کە ئازادی کۆبوونەوە و ڕادەربڕین لە تورکیا بەشێوەیەکی جدی ئاستەنگ دەکرێت.
داواکارییەکان لە تورکیا
لە نەخشەڕێگاکەدا ئەم داوایانە لە تورکیا کراوە:
_ وەک ئەوەی بەرامبەر زەیدان و ئیمام ئۆغلو کراوە، کۆتایی بە دانانی قەیوم لە شارەوانییەکان بهێنن.
- بەربەستەکانی بەردەم ئازادی گردبوونەوە و ڕادەربڕین لاببرێن.
- کۆتاییهێنان بە فشاری دادوەری لەسەر سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن لەڕێگەی تۆمەتی سووکایەتیکردن یان تیرۆرەوە.
- بەپێی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، سەرۆک شارەوانییە زیندانیکراوەکان ئازاد بکرێن.
بڕیاری ناردنی شاند
کۆنگرە پاش پەسەندکردنی نەخشەڕێگای بڕیارەکە ڕایگەیاند بۆ بەدواداچوون بۆ قەیرانی دیموکراسی خۆجێی لە تورکیا لەماوەیەکی کورتدا شاندێک دەنێرێت بۆ تورکیا. پلان وایە شاندەکە لەگەڵ سەرۆک شارەوانییە زیندانیکراوەکانی وەک زەیدان و ئیمام ئۆغلو کۆببێتەوە.