کۆنفرانسی کورد لە پەرلەمانی ئەورووپا بەردەوامە

کۆنفرانسی کورد لە پەرلەمانی ئەورووپا بەردەوامە و تێیدا سەرنج خرایەسەر بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆ و گوترا: "دەبێت وەڵامی پەیامەکە بدرێتەوە و دەوڵەتی تورک بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرێت."

لە کۆنفرانسی 'یەکێتی ئەورووپا، تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوین و کورد' کە بۆ جاری ١٩ـەمینە لە پەڕلەمانی ئەرووپادا ئەنجام دەدریت، لە دووەم ڕۆژی کارەکانییدا بەردەوامە.

لە ڕۆژی دوووەمی کۆنفرانسەکەدا دانیشتن بە ناونیشانی 'تورکیا و سیستەمی نوێی جیهانی' ئەنجام درا. لە دانیشتنەکەدا کە لە لایەن ئەکادیمیست لەتیفە ئاکیوزەوە بەڕێوەبردرا، ڕۆژنامەوان فەردا چەتین، پەڕلەمانتاری ئەستەنبوڵی جەهەپە سەزگین تانرکولو، حوسەین چیچەک لە زانکۆی ڤێینا، لە زانکۆی واگنینگن جوست جۆنگێردن قسەیان کرد.

تانرکولو: ئاکەپە یارمەتیدەری پرۆسەکە نییە

سەزگین تانرکولو لەسەرەتایی قسەکانییدا ئاماژەی بەوەدا بەهۆکاری ئۆپەراسیۆنەکانی سەر شارەوانی ئەستەنبوڵ نەیتوانییوە بەشداری کۆنفرانسەکە ببێت، بۆیە لە ئەنقەرەوە بە ڕێگەی ئۆنلاین بەشداربوو.

سەزگین تانرکولو دەسنیشانی کرد بۆ چارەسەری پرسی کورد بانگەوازییەکەی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ مانیفێستۆیەکە و گوتی: "ڕێکخستنیش (پەکەکە) وەڵامی ئەرێنی بانگەوازییەکەی دایەوە و پرۆسەکەی پەڕانەوە بۆ قۆناغێکی دیکە، بەڵام بە ئێستاشەوە ئاکەپە و دەسەڵاتداری بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ نەکردووە. بە پێچەوانەوە ئۆپەراسیۆنی توندوتیژی دەستپێکردووە. بۆئەوەی ڕێکخستن بتوانێت کۆنگرەی خۆی ببەستێت، لە بریی ئەوەی یارمەتیدەربێت، شتگەلێکی پێچەوانە دەکات. ڕێکخستنیش ئەمەی باسکردووە، لە ڕاستییدا ئەوەی منیش دەیزانم هەمان شێوەیە. ئاکەپە تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی ڕوونی نەداوە بە کۆمەڵگە."

چەتین: ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا لە بەرامبەر سیاسەتەکانی تورکیا بێدەنگن

 ڕۆژنامەنووس فەردا چەتین ئاماژەی بەوەکرد کە تورکیا لە دۆخێکی بەربڵاویدایە و وتی: "لە هەندێک ناوچەی سووریا، عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی جێگیر کردووە. بەرپرسانی تورکیا هەموو ئەمانە بە پێشێلکاری نابینن بەڵکو  پشتیوانی لێدەکەن. نزیکەی ٨٠ بنکەی سەربازیان لە عێراق هەیە، و هەمان ژمارەیان لە سووریاش هەیە."

فەردا چەتین لە میانەی قسەکانیدا ڕەخنەی لە پەیوەندییەکانی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا لەگەڵ ئەحمەد شەرع گرت و وتی: "بەم زووانە سەردانی ئەورووپا دەکات. سەرەڕای ئەوەی ئەم کەسە پێشتر یەکێک بووە لە سەرکردەکانی ئەلقاعیدە و فەرمانی بە کۆمەڵکوژی کردووە، تەنها جل و بەرگەکەی گۆڕیوە ئەگەرنا ڕوانگەکانی وەکوو پێشوو ماوە، بۆیە جگە لەوەی رەخنە لە کارەکانی حکومەتی ئاکەپە لە سووریا دەکەین، پێویستە هەڵوێستەکانی حکومەتی ئاکەپەش لەو بارەوە لەبەرچاو بگرین."

چیچەک: لە تورکیا رژێمێکی خۆسەپێن بوونی هەیە

هەروەها چیچەک حوسێن ئاماژەی بەوەدا کە لە تورکیادا رژێمێکی خۆسەپێن بوونی هەیە و وتی: "تورکیا لە ناوەوە خۆسەپێنە و لە دەرەوەی وڵاتێکی شەڕخوازە. ئەردۆغان سیستەمی پەرلەمانی کردە سەرۆکایەتی بەو شێوە ڕژێمێکی تاکە کەسی بنیاتنا و هاوسەنگی هێزی گۆڕی. سیاسەتەکانی دەرەوە ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ناوخۆییە. سیاسەتەکانی لە سووریا، سۆماڵیا، عێراق و قوبرس بە تەواوی سەربازین. ئەورووپا پەیوەندی ئابووری و ئەمنی لەگەڵ تورکیا هەیە بۆیە لەبەرامبەر سیاسەتەکانید بێدەنگی دەنوێنن."

جۆنگێردن: ئۆجالان ماوەی ٢٥ ساڵە بۆ ئاشتی بەدووی موخاتەبێکدا دەگەڕێت

 هەروەها جوست جۆنگێردن ڕایگەیاند؛ "لە تورکیا لەبری پرسی کورد پرسێکی ١٠٠ساڵەی بوونی هەیە، دەبێت قسە لەسەر ئەوەش بکەین. بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ چارەسەری ئەم پرسە مێژووییە، دەبێت هەموو لایەنەکان پشتیوانی لێبکەن بۆ گەیشتن بە ئاشتی. لەوەتەی پرۆسەی نێوان تورکیا و پەکەکە لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستیپێکردووە، بەئەنجام نەگەیشتووە. بۆ ئەوەی ئەم دۆخە دووبارە نەبێتەوە، پێویستە ڕێگاکانی راگەیاندن بکرێتەوە. دەبێت بەربەستەکان لاببرێن. عەبدوڵا ئۆجالان و بەرپرسانی باڵای پەکەکە بتوانن بەئاسانی پەیوەندی بگرن و دەوڵەت دەبێت بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ بکات."

جۆنگێردن ئاماژەی بەوەشدا کە وشەی "من بەدوای موخاتەبێکدا دەگەڕێم" کە ڕێبەر ئاپۆ ٢٥ ساڵ لەمەوبەر کردوویە بە کتێبێک، هیوادارم ئەم جارە ڕووبدات و موخاتەبی خۆی بدۆزێتەوە.

جۆست جۆنگێردن داوای لە وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا کرد کە پەکەکە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەربێنن.

کۆنفرانسەکە پاش نیوەڕۆ به دانیشتنی 'پیشکەوتن له چوارچێوەی دیموکراسی یەکێتی ئەورووپا و کورد و تورکیا " بەردەوام دەبێت.