لە سیدنی نەورۆز بە جۆش و خرۆشەوە پیرۆز کرا

ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد (دەکتەم) لە شاری سیدنی بە بەشداری چەندین کوردستانی و دۆستانیان نەورۆزی پیرۆز کرد.

کوردانی چواربەشی کوردستان و چەندین کەسی کۆمەڵگەی جیاواز لە نەورۆزی سیدنی ئوستورالیا کۆبوونەوە. جەماوەر ئاگری نەورۆزیان داگیرساند و بە هەڵپەڕکێ نەورۆزیان پیرۆز کرد.

نوێنەرانی چەندین پارتی سیاسی ئوستورالیا، چەندین پەرلەمانتار و ئەندامی ڕێکخراوەکان بەشداری ئاهەنگەکە بوون.

نوێنەری ویلایەتی وێڵزی باشووری نوێ (NSW) مێشێل ڕۆلاند ئاماژەی بەوەدا نەورۆز سیمبولی لە دایکبوونەوەیە و گوتی: "ئوستورالیا لە پاراستنی مافی کەمە نەتەوەییەکان، ئایین، بە تایبەت کوردان پێداگرە".

سیناتۆری پارتی سەوز داڤید شۆربیرگ سڵاوی لە تێکۆشانی گەلی کورد کرد و جەختی کردەوە دەبێت سیاسەتمەدارانی ئوستورالیا لە بەرانبەر ئەو فشار و زۆردارییەی تورکیا لەسەر تەڤگەری سیاسی کورد بەڕێوەی دەبات، بە هەڵوێست بن و گوتی: "نەورۆز ئاهەنگی سەرکەوتنی ڕوناکییە لە بەرانبەر تاریکی. هیوادارم ئەمساڵ ببێت بە ساڵی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و گۆڕانکاری پرۆسەیەکی دیموکراتیک".

نوێنەری هاوپەیمانی سۆسیالیت پیتەر بۆیلی لەسەر تێکۆشانی گەلی کورد بۆ دیموکراسی و ئازادی هەڵوەستەی کرد و گوتی: “ئەو مۆدێلی کۆمەڵگەییەی لە ڕۆژئاوا بونیاتنرا، هیوا و یەکگرتوویمان بیردەخاتەوە".

هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ئوستورالیا بروسک ئاڤیەر و هاوسەرۆکی دەکتەم تەیمور تاڤان ئاماژەیان بە بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ کرد و بانگەوازیان کرد بۆ بە هێزکردنی یەکێتی و تێکۆشانی گەلی کورد.

 ئاهەنگەکە بە گۆرانی هەڵپەڕکێ کۆتایی هات.