کۆنگرەی گشتیی ئیهەدە: دژی گۆشەگیری ئیمراڵی درێژە بە تێکۆشان دەدەین

لە کۆنگرەی گشتیی ئاسایی ئیهەدە، ئاماژە بەوە کرا هێرش بۆ سەر فەڵەستین و ڕۆژئاوا هەیە، هەروەها لە دژی گۆشەگیری ئیمراڵی پەیامی تێکۆشان دووپاتکرایەوە.

٢١ هەمین کۆنگرەی گشتی ئاسایی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) لە هۆڵی یەڵماز گونەی لە شارەوانی چانکایا بە دروشمی "مرۆڤ بە مافەکانی خۆیەوە هەیە، ئیهەدە بە تێکۆشانی خۆی" بەڕێوەچوو. لە هۆڵەکەدا پانکارتی "گۆشەگیری تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی، ئازادی بۆ زیندانییە نەخۆشەکان"، "توندوتیژی دژی ژنان سیاسییە"، "با بێسەروشوێنان بدۆزرێنەوە، با تاوانباران دادگایی بکرێن"، "پەروەردە بە زمانی دایکی، بنەڕەتیترین مافی مرۆڤە" هەڵواسرا.

دایکانی شەممە، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (هەدەپ)، تونجەر باقرخان و چەندین لایەن و کەسێتی بەشداری کۆنگرەکە بوون.

سکرتێری گشتی ئیهەدە، حوسەین کوچوک باڵەبان لە سەرەتادا قسەی کرد. پاشان سەرۆکی گشتی ئیهەدە، ئەرەن کەسکین، قسەی کرد و دووپاتی کردەوە، لە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووسازدان.

کەسکین تیشکی خستەسەر ئەو شەڕ و کۆمەڵکوژیانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرپابوون، بەتایبەت لە فەڵەستین و ڕۆژئاوا، هەروەها ئاماژەی کرد بە دووڕوویی هەڵوێستەکان پەیوەست بە فەڵەستین و ڕۆژئاوا.

سەرۆکی فەخری ئیهەدە، ئەکین بەردال، دووپاتی کردەوە، کێشەی سەرەکی ئەم جوگرافیایە کێشەی کوردە و گوتی: "پێویستە ئەم کێشەیە بە ڕێگەی دیموکراسی چارەسەر بکرێت، ئەوەش بە هەڵگرتنی گۆشەگیری ئیمراڵی دەبێت".

دواتر هاوسەرۆکی گشتیی پێشووی ئیهەدە، ئۆزتورک تورک دۆگان قسەی کرد، گوتی: "لەنێو ئەم ئاگرەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، لانیکەم داوای ئاشتی دەکەین بۆ کوردستان. گۆشەگیری ئیمراڵی لەبیرناکەین. بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان و هاوڕێکانی، درێژە بە تێکۆشان دەدەین".

کۆنگرە بەردەوامە.