کەنەکە دووەمین ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" پیرۆز کرد

کۆمیسیۆنی ژنانی کەنەکە دووەمین ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" پیرۆز کرد و بانگەوازی لە هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و بزووتنەوەکانی ژنان دەکات کە بەرامبەر سیاسەتی قڕکردن و کوشتن و سێدارەدانی ژنانی کورد و ئازادیخوازان خاوەن دەنگ هەڵوێست بن.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە: "دوو ساڵ بەسەر شۆڕشی ژن ژیان ئازادی تێدەپەڕێت. ئێمە بە ڕۆحیەتی ئەم تێکۆشان و بەرخۆدانە لە کەسایەتیی کچە قارەمانی کورد ”ژینا ئەمینی” و هەموو ئەوانەی لە لەپێناو  ئازادی و یەکسانیدا گیانیان بەخت کرد، ئەم یادە بەبیر دێنینەوە. هەروەها بۆ تەواوی تێکۆشەرانی ئازادی و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دروود دەنێرین.

لە ساڵی ٢٠٢٢ ەوە دوا بە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی کە بە شێوەیەکی دڕندانە بە دەستی هێزەکانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران شەهید کرا، لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرتاسەری ئێران، بە پێشەنگایەتی ژنان سەرهەڵدانێکی مەزنیان دەستپێکرد. راپەڕینەکان خۆڕسکانە و  ئامانج‌ئامێزانە لە دژی  فشارەکانی دەسەڵاتدارانی جمهوری ئیسلامی ئێران لە دژی چەوساندنەوەی خەڵکی ئازادیخواز بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" گۆش دەکران، راپەڕین و خۆپێشاندانەکان گەورە و گەورەتر و بەرفراوانتر دەبوون. 

لە ژێر سایەی چەمکی "ژن، ژیان، ئازادی" کە ببوو بە تێگەیەکی جیهانی و مۆرکی خۆی لە لاپەڕەکانی مێژوو دا، ژنان لە هەموو دونیادا لە دەوری ئەم دروشمە کۆبوونەوە و بە یەک گەیشتن.

ئەمڕۆ لە هەموو کون و قوژبنەکانی جیهان ژنان لە دژی سیاسەتی داپڵۆسین و ژێردەستەکردنی ژنان و نایەکسانی و بەکۆیلەکردن تێدەکۆشن. ژنان لە حەقیقەتی فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەنگ و هاواری خۆیان بەرز دەکەنەوە.

بنەما و مەرجی مەحەکی سەرکەوتنی ژنان لە ژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یدا لە تێکۆشانی سەد ساڵەی ژنانی کورد لە دژی زهنیەتی فاشیزمی داعش‌ئاسای دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانەوە سەرچاوەی کردووە. ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و  ئێرانیش بەهەمان شێوە کە خاوەن ئەزموونی تێکۆشان و  بەرپەرچدانەوەی ئەو عەقڵیەتەی دەسەڵاتداری پیاوسالاری و کۆنەپەرستین، بە بەردەوامی و پەرەیان بە بەرخۆدانەکەیان دا و سەلماندیان کە سەرباری فشار و سیاسەتی قڕکردن و داپلۆسینانەی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی هەرگیز ملکەچ نابن و بەرگری لە پیرۆزیی ئازادی و یەکسانی دەکەن.

ئەم تێکۆشانەی ژنانی کورد، دەسەڵاتدارە سەردەستەکانی وا تەنگاو کردووە، بێباکانە دەست بۆ هەموو زوڵم و زۆردارییەک دەبەن. لێرەدا ژنان کە بوونەتە مۆتەکەی دەسەڵاتداران و هێز و باوەڕ و ئومێد بە تێکۆشەرانی ئازادیی گەلان دەبەخشێت. بۆیە هێرشەکان، فشارەکان و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان زیاتر بووە.

دەسەڵاتداران، دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بەرامبەر بە هێز و ئیرادەی ژنان نیگەرانن، بۆیە چەندی ژنان، بەتایبەتیش ژنانی کورد و کوردستان زیاتر خۆیان بەهێز و رێکخستن بکەنەوە دەسەڵاتداران و دەوڵەت سیاسەتی توندوتیژی بەرامبەریان زیاتر دەکەن.

رژێمی ئیسلامی ئێران بەباشی درک بە هێزی تێکۆشانی ژنان دەکات! بە دەرکردنی سزای قورسیش بەتایبەتی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ژنانی چالاکوان و تێکۆشەردا وەکو تۆڵەسەندنەوە دەیەوێت رێڕەو و گڕوتینی ئەم بەرخۆدانە لاواز بکات و رێگاکانی ئاستەنگ بکات. بەڵام نە سیاسەتی ترس و تۆقاندن و نە سێدارە نابنە ئاستەنگ لەبەردەم تێکۆشان و خەباتی ژنان لە پێنار ئازادی و یەکسانیی. هەروەها دەسەڵاتداران ناتوانن بە کوشتن و لەسێدارەدانی ژنان، ژنان ملکەچ بکەن و دەست لەم خەباتەیان هەڵگرن. بەم پێیە ئەمڕۆ لە زۆرێک شوێنی دونیا تێکۆشانی ژنان بە ئیرادە و بوێریەکی بەرزەوە بەرەو پێش هەنگاو دەنێت و چرای خەبات و تێکۆشانیان تا دێت رووناکتر و گەشتر دەبێت.

ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) داوا لە ژنانی کوردستان لە ناو خاکی کوردستان و ژنانی دەرەوە لە تاراوگە دەکەین بە گیانی پیرۆزی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" یەک هەڵوێست و یەکگرتوو بن و تێکۆشان و خەباتی هاوبەش مەزنتر ئەنجامبدەن.

بانگ لە هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و دامەزراوە دیموکراتیخوازەکانی دونیا و بزووتنەوەکانی ژنان دەکەین کە بەرامبەر سیاسەتی قڕکردن و کوشتن و سێدارەدانی ژنانی کورد و ئازادیخوازان خاوەن دەنگ هەڵوێست بن".