کەنەکە: گەلی وان بەتەنها جێ مەهێڵن، خاوەنداری لە ئیرادەی خۆتان بکەن

کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر نەدانی مەرسومی هاوسەرۆکی شارەوانی شاری مەزنی وان عەبدوڵا زەیدان و گوتی: "گەلی وان بە تەنها جێ مەهێڵن و خاوەنداری لە ئیرادەی خۆتان بکەن.

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر زەوتکردنی شارەوانی وان، ڕایگەیاند گەل سەرکەوتنی مەزنی بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنەکان. سەرەڕای ئەوەی سیستەمەکە نادیموکراتیک بووە، لەگەڵ ئەوەی بە دەنگدەری ساختە و فێڵکردن چەند شارەوانییەکیان زەوتکرد. ئێستەش لە هەندێک شار هەڵبژاردن پووچەڵ دەکەنەوە و لە هەندێک شوێنی دیکەش شارەوانییەکان زەوت دەکەن.

کەنەکە دەربارەی هەوڵی زەوتکردنی شارەوانی وان ڕایدەگەیەنێت هیچ یاسا و ویژدان و داد و ئەخلاقێک لەم بڕیارەدا نییە و مایەی قبووڵکردن نیە، دەڵێت: "ئەمە زەوتکردنی ئیرادەی گەلی وانە و هاوکات زەوتکردنی ئیرادەی گەلی کوردستانە. ئەم بڕیارە لەسەر بناغەی دوژمنایەتی کورد دراوە و بڕیارێکی نەژادپەرستانەیە. گەلی وان ئێستە لە شەقامەکانە و بڕیارەکە شەرمەزار دەکات".

کەنەکە لە درێژەدا دەڵێت: "بانگەواز لە گەلی کوردستان و دۆستانی گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان دەکەین گەلی وان بە تەنها جێ نەهێڵن، خاوەنداری لە ئیرادەی خۆتان بکەن و دژی ئەم بڕیارانە بوەستنەوە".

هەروەها بانگەواز لە ڕای گشتی جیهان دەکات بەرامبەر ئەم بڕیارە نەژادپەرستانەیە بوەستنەوە و دەڵێت: "وەک کەنەکە لە هەموو جێگە و گۆڕەپانێک تا کۆتایی بەرامبەر ئەم نادادییە دەوەستین و مافی گەلەکەمان دەپارێزین".