لە ٨ ی ئادار فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک گوندی بابولای بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا دوو کەسی سڤیل بە ناوەکانی سەعید موبارەک و ئاراس فەرەج شەهید بوون، کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە پەیوەست بەم ڕووداوە ڕاگەیاندراوێکی نوسراوی بڵاوکردەوە و هاوکاری پەدەکەی بۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەرمەزار کرد.
ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکە بەم جۆرەیە:
"دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە ئەنقەست و زانینەوە بەردەوامە لە هێرشەکانی لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بۆ سەر باشووری کوردستان و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات. لەبەرامبەر ئەمەدا، حکومەتی هەرێم هێشتا بێدەنگە. مەبەستی دەوڵەتی تورک ئەوەیە، هەرێمەکە لە خەڵکی سڤیل چۆڵ بکات. پێشتر لە ٢١ ی شوباتی ٢٠٢٤ لە دەڤەری بادینان هێرشی کردە سەر خەڵکی سڤیل و دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی بەشیر عومەر عەلی و عارف تەها لە گوندی کافیەی سەر بە دینارتە شەهیدبوون. بە هەمان مەبەست، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک ڕۆژی ٨ ی ئاداری ٢٠٢٤ لە شیلادزێ هێرشیان کرد و دوو هاوڵاتی سڤیلیان بە ناوەکانی سەعید موبارەک و ئاراس فەرەج شەهید کرد، کوڕەکەی سەعید موبارەک بە ناوی ساڵەح موبارەک بریندار بوو. حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم و پەدەکە بە بێدەنگییەکەیان هاوکارن لە شەهیدکردنی خەڵکی باشووری کوردستان.
ئێمە وەک کەنەکە، بێدەنگی و بێ هەڵوێستی حکومەتی هەرێم بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەر شەرمەزار دەکەین و هاوکات سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان دەکەین و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
پێویستە حکومەتی هەرێم کۆتایی بە هاوکارییەکانی بۆ دەوڵەتی داگیرکەر بهێنێت و نەبێتە هاوکاری کۆمەڵکوژی و داگیرکاری.
دەوڵەتی تورک بەشێوەیەکی ئاشکرا هەڕەشە لە گەلی کورد دەکات و ئامادەکاری بەرفراوان دەکات بۆ داگیرکردنی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان. ئاخۆ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم و پەدەکە ئەم پلانانەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک نابینن؟ یان نایانەوێت بیبینن. یاخود هاوکاری داگیرکاری و کۆمەڵکوژی دەکەن؟
گەلی کوردستان گەلێکی شکۆمەندە و هەرگیز بێشکۆیی قبووڵ ناکات. بانگەواز لە گەلەکەمان لە چوار پارچەی کوردستان دەکەین، بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێست نیشان بدەن و بەها و شکۆی خۆیان بپارێزن".