کۆنسەی ئەوروپا: ئازادی ڕادەربڕین لە تورکیا گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار

کۆنسەی ئەوروپا بەهۆی پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕین لە تورکیا زەنگی ئاگادارکردنەوەیە، کۆنسەی ئەوروپا بەتایبەت بەهۆی سانسۆری ڕۆژنامەوان لەلایەن ئیدارەی ئەردۆگانەوە نیگەرانە.

تورکیایە یەکێکە لە ٤٦ وڵاتەکەی ئەندامی کۆنسەی ئەوروپا، کۆمیسەری مافەکانی مرۆڤی کۆنسەی ئەوروپا، دونجا میجاتۆڤیچ پەیوەست بە ئازادی ڕادەربڕین و میدیا گوتی: "ڕۆژنامەوانان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و جڤاکی مەدەنی لەنێو ستەم و فشاری یاسایی سیستەماتیکی دوژمنانەدا، درێژە بە کار و خەبات دەدەن".

ڕایگەیاند ڕێگری لە خەباتی ئازادی ڕادەربڕین بۆتە مایەی چەندین پێشێلکاری مافی مرۆڤ و "گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار".

کۆمیسەر ڕایگەیاند ئەم ڕەوشە بۆتە هۆی خۆسانسۆرکردنی ڕۆژنامەوانان و چاپەمەنی سەربەخۆ، هەروەها تیشکی خستەسەر فشار و کپکردنی سیستەماتیکی دەنگە ڕەخنەگرەکان لەنێو ڕۆژنامەوان و پارێزەراندا.

سەرۆکی کۆنسەی ئەوروپا بۆشناکی میجاتۆڤیچ نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرامبەر سنووردارکردنی ئازادی و "فشاری دڕندانەی پۆلیس" و "گرتنی بەکۆمەڵ" و دادگاییکردنی خۆپیشاندانی ئاشتیانە.

کۆمیسەر دەربارەی قەدەغەکردنی خۆپیشاندانی ئاشتیانە نیگەرانی دەربڕی و گوتی: "بەتایبەت جێی نیگەرانییە کە ڕێپێوانەکەی ئیستەنبوڵ بەبۆنەی ٨ ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە، ٨ ساڵە قەدەغەکراوە".

هەروەها سەربەخۆنەبوونی دادوەریی وەک مەترسییەکی وجودی لەسەر سەروەریی یاسا ناساند.

کۆمیسەر بانگەوازی لە ئەنقەرە کرد، زیندانیانی ویژدانی ئازاد بکات، چاو بە یاساکانیدا بخشێنێتەوە و بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا جێبەجێ بکات.