کەژەکە: ژنان و گەنجان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بەرەو ئازادی هەنگاودەنێن

کەژەکە ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆی پیرۆز کرد و گوتی: "دەبێت ژنان و گەنجان بەرەو زێدی ڕێبەر ئاپۆ ڕێپێوان بکەن، ژیانەوە و ڕزگاری پێکەوە گرێ‌بدەن".

ڕاگەیاندراوی ٤ ی نیسان

کۆردیناسیۆنی کەژەکە بەبۆنەی ٤ ی نیسان، ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

کەژەکە ڕایگەیاند پێویستە لە چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات لەسەر بناغەی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ٤ ی نیسان پیرۆز بکرێت و گوتی: "٤ ی نیسان، ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین و بە خۆشەویستی و ڕێزەوە سڵاوی لێ دەکەین. لەبەردەم یادی هاوڕێ مەعسوم کارائۆغلان و موستەفا داغ بەڕێزەوە سەری ڕێز دادەنەوێنین کە لە چالاکییەکانی ٤ ی نیساندا شەهیدبوون و بەڵێن دەدەین یادی ئەوان بە سەرکەوتن زیندوو ڕابگرین. سڵاو لە چالاکییە واتادارەکەی گەنجان دەکەین کە ١ ی نیسان بەرەو ئامارا ڕێپێوانی ئازادییان دەست پێ کرد.

بەگوێرەی نەریتی دێرینی ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەرکەس بەها مەزن بە کۆمەڵگە ببەخشێت، ئەوا ڕاستییەکی پیرۆزە. ئەمە ئاهەنگێکە کە لەنێو دڵی کۆمەڵگەدا بە دڵخوازیی پیرۆز دەکرێت. ڕۆژبوونی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە ٤ ی نیسان، خاوەن واتایەکی لەم جۆرەیە. ڕۆژبوونی ٤ ی نیسان، لەدایکبوونە لەنێو سەردەم و جوگرافیایەکی هەمەچەشندا. کاتێک ڕێبەر ئاپۆ لە ٤ی نیسان لە گوندی ئامارا لەدایک بوو، کوردستان لە ناو سیاسەتەکانی قڕکردنی بێبەزەییانەی سەدەی بیستەمدا بوو، نکۆڵی لێ دەکرا و کەوتبووە ڕەوشێکەوە کە نەدەناسرا. ئەم ناکۆکییە و گەورەبوون لەسەر دەستی دایکە عوێش، وایکرد کە ڕێبەر ئاپۆ لەدایکبوونی دووەمین و سێیەمینیش بەدی بهێنێت. یەکەمین ڕۆژبوون، لەدایکبوونی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ  و ئامادەکاریی بوو بۆ لەدایکبوونەکانی تر. لەدایکبوونەکانی دووەم و سێیەم ئەو لەدایکبوونانە بوون کە بە ئیرادەی خۆی بەدیهاتن.

لەدایکبوونی دووەم، دامەزراندنی پەکەکەیە. پەکەکە، سەرلەنوێ ئافراندنی کوردانە بەشێوەیەکی ئازاد و یەکسان و دادپەروەرانە و پڕ لە عەشق و شکۆ، یەکبوونی کوردێتی و سۆسیالیزمە، یەکێتیی گەلانە، بێداربوونەوەی عاشقانەی ژنانە. ئەو گەلەی گەیشتبووە ئاستی خۆنکۆڵیکردن و خۆبەدەستەوەدان، ئیتر ناسنامەی خۆی دەپاراست و ڕوویکردە ژیانەوە و ڕابوون. ئەو گەلەی لەبەردەم مردندا بوو، پێی دەگوترا "کۆتایی هات"، بەرامبەر دوژمن وەستایەوە. بەم لەدایکبوونە کورد و ژن فێری ڕێکخستن و تێکۆشان بۆ ناسنامەی خۆیان بوون، ڕوویانکردە ئازادی و یەکسانی. لە جوگرافیای سەخت و پاکی چیاکاندا، پەکەکە وەک ‌هەنگ و بە نزیکایەتیی گەریلایانە دەستی بە تێکۆشانێکی مەزن کرد بۆ ئافراندنی حەقیقەتی کۆمەڵگە و مرۆڤی پاک. بە هۆشیاری هاوڕێتی و دۆستایەتی و هەڤاڵێتی، دیسانەوە بەشێوەیەکی بەهێز ڕەگی داکوتا. ڕەنجی بیست ساڵەی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەیان هەزار شەهید، ڕابوون و ڕاپەڕینی سەدان هەزار مرۆڤ، بەشداری پۆل بە پۆلی ژنان، ڕەنجی هەزاران گەریلا لە هەر بستێکی چیاکاندا، ڕێگەی بۆ لەدایکبوونی سێیەم کردەوە.

بانگەوازی ٢٧ ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ بووە مانیفێستۆی لەدایکبوونەوەی سێیەم

پاش پیلانگێڕیی ١٥ ی شوباتی ١٩٩٩، گۆڕینی پارادایم بوو بە لەدایکبوونەوەی سێیەم. پرسیاری "هۆشیاری و ئیرادە و ناسنامەی کورد کە ئیدی ڕۆشن بووەتەوە، دەبێت بە چ سیستەمێکی ژیانی پێناسە بکرێت؟" وەک حەقیقەتی کۆمەڵگە، حەقیقەتی ژن وەڵامی ئەم پرسیارە درایەوە. ئەمەش بۆ گەلان و ژنان، پێشکەوتنێکی شۆڕشگێڕیی مەزنە. بۆ مرۆڤایەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان، تێپەڕین لە ئاستی لۆکاڵەوە بۆ گڵۆباڵ، بووە ورە و هەنگاو و هیوایەکی مەزن بۆ ژنان. دڵۆپی لەدایکبوونی یەکەم لەگەڵ دامەزراندنی پەکەکە گۆڕا بۆ دەریایەک، بە لەدایکبوونی سێیەم لە ئیمراڵی بەرەو ئۆقیانووس‌بوون چوو. لەدایکبوونی سێیەم هێندەی تر نزیکی کردەوە لە گەردوونی‌بوون و حەقیقەت. وەک درێژەی ئەم پرۆسەیە، بانگەوازی ٢٧ ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ بووە تاجدارکردن و مانیفێستۆی لەدایکبوونی سێیەم.

٤ی نیسانی ئەمساڵ، یادی ٧٦ ساڵەی لەدایکبوونی ڕێبەر ئاپۆ، بۆ کوردستان، تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت بۆ ژنان، بۆ  بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتی، گرنگییەکی گەورەی هەیە. پێوەرە سەرەکییەکانی جێبەجێکردنی ئەم مانیفێستە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و دیموکراتیککردنی سیاسەت و ئافراندنی بناغەیەکی یاسایی و یاساییە. بۆیە ٤ی نیسانی ٢٠٢٥ بە مانای بڵندکردنەوەی تێکۆشان دێت بۆ ئازادیی ڕەهای ڕێبەر ئاپۆ کە تەمەنی گەیشتووەتە ٧٦ ساڵ. ئەمە بەرپرسیارێتی و ئەرکی ئێمەیە بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ، کە ڕۆژبوونی خۆی کردە ڕۆژبوونی ئێمە.

لەسەر ئەم بناغەیە بانگەواز لە ژنان و گەنجان و گەلی وڵاتپارێزمان و دۆستانمان و منداڵان دەکەین ڕووبکەنە زێدی یەکەم ژیانەوە لە ئامارا. ئەمساڵ لە ٤ ی نیساندا یەکەمین و سێیەمین ڕۆژبوون دەکەینە یەک، هێزی ڕێبەر ئاپۆ و هێزی گەلان و ژنان و گەنجان و منداڵان دەکەینە یەک. خاکی دێرینی ئامارا دەکەینە سیمبولی ئاشتی و بەرهەمداری و ڕۆژبوونی ئازادی. دەبێت ژنان و گەنجان و منداڵان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا لە زێدی ڕێبەر ئاپۆ بەرەو ئازادی هەنگاو بنێن و ژیانەوە و ڕزگاری پێکەوە گرێ‌بدەن.

بانگەواز لە گەلەکەمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەین، بەتایبەت بانگەواز لە ژنان و گەنجان و منداڵان و دۆستەکانمان دەکەین، لە هەموو جێیەک ٤ ی نیسان لەسەر بناغەی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز بکەن، لە هەموو جێیەک گوڵ و نەمام بچێنن. هەر دارێک ئەمساڵ دەچێنرێت، دەبێت بە داوای داری ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بچێنرێت، کوردستان و سرووشت بەم هەنگاوە سەوزپۆش بکرێت. لەدایکبوونەوەی سێیەم لە ئیمراڵی هاتەدی، لەڕووی فیکرییەوە ئیمراڵی تێپەڕاند. ئێستە کاتی ئەوەیە لەڕووی جەستەیشەوە ئیمراڵی تێپەڕێنێت. کاتی لەدایکبوونی نوێیە. کاتی لەدایکبوونی ئازادییە. کاتی ئەوەیە بە لەدایکبوونەوەی سێیەمی ڕێبەر ئاپۆ، ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بئافرێنرێت. لەسەر ئەم بناغەیە، دیسانەوە ڕۆژبوونی ڕێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین".