لە بەرلین پانێڵی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی بەڕێوەچوو

پلاتفۆرمی پشتیوانی لە زیندانیان لە چوارچێوەی ١٨ ی ئادار ڕۆژی جیهانی زیندانیانی سیاسی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا پانێڵێک بەڕێوەچوو، بانگەوازکرا بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی شۆڕشگێڕ.

لە پانێڵەکەی بەرلین، بۆ گیانبەختکردووانی تێکۆشانی سۆسیالیزم و شۆڕش خولەکێک ڕێز بەڕێوەچوو، پاشان لە دیمەنێکدا ئەندامی کۆمیسیۆنی لقی ئیستەنبوڵی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ، محەمەد ئاجەدین، باسی سیاسەتی زیندانەکانی دەوڵەتی تورکی کرد.

لەسەر ناوی پلاتفۆرمی دەنگی زیندانیان (تەسەپە) و ڕێکخراوی ژنانی گەنجی زۆرا سیمینار بەسترا. لە پانێڵەکەدا باس لە سیاسەتەکانی زیندان و گۆشەگیری دەوڵەتان و بەرخۆدانی زیندانیانی شۆڕشگێڕ کرا.

تێیدا باس لەوە کرا، لە تورکیا و هیندستان و فلیپین و ئەمریکا و مەکسیک و ئێران و ئەڵمانیا و فەرەنسا و ئیسرائیل و باشوری کوردستان و چەندین وڵات، تێکۆشەرانی شۆڕشگێڕ ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجە و گرتن و گۆشەگیری دەبنەوە.

لە سیمینارەکەدا گوترا، گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، بەرخۆدانی زیندانیانی بەهێزتر کردووە.

هەروەها تێشکخرایە سەر زیادبوونی فشارەکان لەسەر زیندانیان و گرنگی پشتیوانی نێونەتەوەیی.

بەهەمانشێوە ئاماژەکرا بە هێرشی دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ سەر هێزە پێشکەوتووخواز و شۆڕشگێڕەکان، دووپاتکراوەتەوە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سەر ژنان ڕەوایە.

پاشان ئامادەبووان گفتوگۆیان کرد، بەتایبەت دەربارەی هێرشی دەوڵەتی ئەڵمانیا بەرامبەر شۆڕشگێڕ و دژە فاشیستەکان، بانگەوازکرا بۆ تێکۆشانی یەکگرتوو.

لە پانێڵەکەدا وێنەی زیندانیان لە زیندانی وڵاتە جیاوازەکان پیشاندرا.

پانێڵەکە بە درووشمی "ئازادی بۆ زیندانیانی سیاسی" کۆتایی هات.