لە چوارچێوەی بانگەوازی مێژووییدا کۆبوونەوەکانی گەل دەستی پێ کرد
دەم پارتی و دەبەپە لە چوارچێوەی بانگەوازی مێژوویی ڕێبەر ئاپۆدا لە چەند شارێک کۆبوونەوەی گەلیان ئەنجامدا.
دەم پارتی و دەبەپە لە چوارچێوەی بانگەوازی مێژوویی ڕێبەر ئاپۆدا لە چەند شارێک کۆبوونەوەی گەلیان ئەنجامدا.
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە چوارچێوەی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ـی ڕێبەر ئاپۆ کە ٢٧ ی شوبات ڕاگەیاندرا، لە چەند شارێک کۆبوونەوەی گەلیان ئەنجامدا.
ڕحا
کۆبوونەوەکە لە ژووری کۆنفرانسەکانی تاهیر ئێلچی بە ڕێوەچوو. پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر ئۆجالان و هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانی دەم پارتی و ئەندامانی بەشێک لە پارت و ڕێکخراوەکان و گەل بەشداربوون. لە هۆڵەکەدا وێنەکەی ڕێبەر ئاپۆ و ئەندامانی شاندی ئیمراڵی هەڵواسرا.
عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند بانگەوازەکەی ٢٧ ی شوبات مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت.
وێرانشار
لە کۆبوونەوەکەی وێرانشاری ڕحا، هاوسەرۆکی کەجەدە بەردان ئۆزتورک و چەندین کەسێتی سیاسی و ئەندامانی ڕێکخراوەکان و گەل بەشداربوون.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕحا، سەما ئایشەئۆغلو گوتی: "بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان لە جیهان دەنگی دایەوە. پاش بانگەوازەکە، گفتوگۆ دەستی پێ کرد. بۆ تێگەیشتن لە بانگەوازەکە، هەرچی بکەوێتە ئەستۆمان ئەنجامی دەدەین".
شەرناخ
لە ناوچەی جزیری شەرناخ لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی دەم پارتی کۆبوونەوە ئەنجامدرا. پەرلەمانتارانی دەم پارتی نەورۆز ئویساڵ و محەمەد زەکی ئیرمەز و نوێنەری ڕێکخراوەکان بەشداربوون.
مێرسین
لە ناوچەی ئاکدەنیزی مێرسین لە هۆڵێکی بۆنەکان کۆبوونەوەکە ئەنجامدرا.
پەرلەمانتاری دەم پارتی دیلان کونت ئایان ڕایگەیاند لەسایەی بەرخۆدان دەرگای ئیمراڵی کرایەوە و دەنگی ڕێبەر ئاپۆ گەیشتە کۆمەڵگە، جەختی کردەوە پێویستە هەمووان بە ئەرکی خۆیان هەستن و خاوەنداری لە بانگەوازەکە بکەن.
ئەدەنە
دەم پارتی ویستی لە ناوەندی کەلتووری سەلمان پاک کۆبوونەوەی گەل ئەنجام بدات، بەڵام پۆلیس ڕێگەی نەدا. هاوڵاتیان ناڕەزایەتییان پیشاندا و بە بەرزکردنەوەی درووشم بەرەو بینای دەم پارتی ڕێپێوانیان کرد. هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەدەنە، سەیفەدین ئایدەمیر ناڕەزایەتی دەربڕی و ڕایگەیاند لە بینای دەم پارتی کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن.
کۆبوونەوەکە لە بینای دەم پارتی دوور لە چاوی ڕاگەیاندن بەڕێوەچوو.
ئامەد
لە ناوچەی فارقینی ئامەد گەل لە بینای دەم پارتی کۆبوونەوە. هاوسەرۆکی دەبەپەی ئامەد سوڵتان یارای و هاوسەرۆکی شارەانی سەڤیم بیچیچی و بەڕێوەبەرانی دەبەپە و دەم پارتی و هاوڵاتیان بەشداربوون. تێیدا هەڵسەنگاندن بۆ دیدارەکانی ئیمراڵی کرا.
سێرت
لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی دەم پارتی لە سێرت کۆبوونەوەی گەل بەڕێوەچوو. پەرلەمانتاری دەم پارتی سەباحەت ئەردۆغان و بەشێک لە ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان و هاوڵاتیان ئامادەبوون.
هاوسەرۆکی دەم پارتی شارەکە ئەشرەف تەکین تیشکی خستەسەر گرنگی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ، داوای کرد هەمووان خاوەنداری لە بانگەوازەکە بکەن.
ئێلح
لە کۆبوونەوەی گەل لە ئێلح، هاوسەرۆکانی شارەوانی ئێلح گوڵستان سۆنوک یەشیل ئیشک و ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان و گەل بەشداربوون. هاوسەرۆکی دەم پارتی ئێلح، مستەفا مەسعود تەکیک دەربارەی گرنگی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ و گرنگی پارادایمی "نەتەوەی دیموکراتیک" قسەی کرد.