لە هەموو شوێنێک چالاکی: بە بەرخۆدان سەردەکەوین
بەرخۆدان دژی کودەتای قەیوم لە سەر ئەسەنیورتی ئیستەنبوڵ و شارەوانی مێردین و ئێلح و خەلفەتی بەردەوامە.
بەرخۆدان دژی کودەتای قەیوم لە سەر ئەسەنیورتی ئیستەنبوڵ و شارەوانی مێردین و ئێلح و خەلفەتی بەردەوامە.
لە چەولیک لە بەردەم بینای ڕێکخستنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان(دەم پارتی) چالاکی ئەنجامدرا. چالاکوانانی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) و تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا) و بەڕێوەبەرانی دەم پارتی بەشداری ڕاگەیاندراوەکە بوون و پانکارتی "ئێمە لە دژی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادە بە بەرخۆدان سەر دەکەوین" بەرزکرایەوە.
لە چالاکییەکەدا هاوسەرۆکی دەبەپەی چەولیک لەڤکەت کالین دامار قسەی کرد و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد سەپاندنی قەیوم نایاساییە و دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە. پاشان چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا. لە چالاکییەکدا درووشمەکانی "دەست لە ئیرادەی من مەدە" و "بە بەرخۆدان سەردەکەوین" بەرزکرایەوە.
جولەمێرگ
لە ناوەندی بازاڕی ناوچەی جۆلەمێرگ بە پێشەنگایەتی دەم پارتی و دەبەپە و تەژەئا دژبە کودەتای قەیوم بە بەشداری سەدان کەس ڕێپێوان ئەنجامدرا. لە ڕێپێوانەکەدا جەماوەر یەلەکی "ڕێزگرتن لە ئیرادە، جێی قەیوم نابێتەوە"یان پۆشی و درووشمی "ژن ژیان ئازادی" و "بژی بەرخۆدانی گەلی کورد" و "ئێمە بە بەرخۆدان سەردەکەوین" و "قەیوم دەچێت و گەل دەمێنێتەوە" بەرزکرایەوە.
دوای ڕێپێوانەکە پەرلەمانتاری دەم پارتی ئۆزنور بارتن گوتی: "ئێمە چۆک بۆ سیاسەتی دەسەڵاتداری دانادەین. دژ بە هەموو بێمافکردنێک سەرمان بەرزە. یەکەمین پەیامی ئێمە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ئێمە قڕبکەن ئەوەیە'خۆڵ بەسەرتان' پلانە فاشستییەکانتان تێکدەشکێنین و سەرەڕای هەموو شتێک بەردەوام دەبین لە بەرخۆدان".
موش
ڕێکخستنەکانی دەم پارتی و دەبەپە لە موش و هاوسەرۆکی شارەوانی سەردانی کاسبکارانیان لە ناوەندی شار کرد و زانیاریان لەسەر پرۆسەکە خستەڕوو. هاوڵاتیان ناڕەزایەتی خۆیان دژ بە سەپاندنی قەیوم خستەڕوو. هاوسەرۆکی شارەوانی توبا سەیلگان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دەبێت لە دژی سەپاندنی قەیوم تێکۆشانی ڕێکخراو ئەنجام بدرێت.
شەرناخ
ڕێکخستنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان(دەم پارتی) لە شرناخ لە پارکی چەمروکی جەزیرە سەپاندنی قەیومیان شەرمەزار کرد. پۆلیسی تورک ویستیان ڕێگا بە چالاکییەکە نەدەن.گەل دژبە ڕێگیرییەکان درووشمی"قەیوم دەبێت بچێت" و "بەرخۆدان ژیان"ـەیان بەرزکردەوە.
جەماوەر هەڵپەڕکێیان ئەنجامدا و دواتر دەستیان بە چالاکی دانیشتن کرد. پەرلەمانتاری شەرناخی دەم پارتی نەورۆز ئویسال لە چالاکییەکدا قسەی کرد و وتی: "ئێمە سەر نەوی ناکەین بۆ قەیوم. ئێمە خاوەن مافین. بەم هۆیەوە درێژە بە چالاکییەکانمان دەدەین. ئێمە قەیوم قبووڵ ناکەین. ئیرادەی گەلی کورد لە سەرووی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەیە."
دواتر جەماوەر بە درووشمی"قەیوم دەبێت بچێت، ئێمە دەمێنین"و "ژن ژیان ئازادی" و "بژی بەرخۆدانی زیندانیان" و "هەزار سڵاو لە جەزیرەوە بۆ ئێلح"دەستیان بە ڕێپێوان کرد.