هەواڵگری عێراق ٨ چەتەی داعش دەستگیر دەکات

بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی سەربازی عێراق ڕایگەیاند ٨ چەتەی داواکراوی داعشیان لە بەغداد و ئەنبار و کەرکوک دەستگیرکردووە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕایگەیاند: "لە چەند ئۆپەراسیۆنێکی جیاجیادا و بە پشتبەست بە زانیاری هەواڵگری وردی فیرقەی حەوت و هەشت و دە و یانزە و حەڤدەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، بۆسەی ورد لە ناوچەکانی ڕەشاد و یوسفیە و گوندی مەراتەی گەورە و بازگەی تەحەدی و جیباب و شەهید ئەوس عەزیز دانران".

ڕوونی کردەوە: "لە ئۆپەراسیۆنەکاندا، ٨ تیرۆریستی داعش دەستگیرکران کە بەگوێرەی مادەی ٤ ی تیرۆر داواکراو بوون، لە شارۆچکەی قائیم و کەرکوک و ڕەمادی و فەلوجە و داقوق و یوسفیە".

ئاماژەی بەوە کرد: "بەگوێرەی ڕێکارەکان، ڕادەستی لایەنە داواکارەکان کران".