لە لۆزان پێشانگای 'سنور، ڕێککەوتننامەی لۆزان، ١٩٢٣ – ٢٠٢٣' کرایەوە

گریگۆری ژونۆد سەرۆک شارەوانیی لۆزان لە کردنەوەی پێشانگاکەدا وتی، 'ئەو ڕێککەوتننامەیە، کە لە لۆزان ئەنجامدرا و ناوی 'ڕێککەوتنی ئاشتی' لێنرا، بە داخەوە دوای ١٠٠ ساڵیش نەیتوانی ئاشتی پێکبهێنێت".

شارەوانیی لۆزان و مۆزەخانەی مێژوویی لۆزان بەبۆنەی ١٠٠هەمین ساڵیادی ڕێککەوتننامەی لۆزانەوە، کە کوردستانی پێ کرا بە چوار پارچەوە و پاکتاوکردن و سڕینەوە بەسەر گەلانی دێرینی ئەم خاک و جۆگرافیایەدا سەپێنرا، پێشانگایەکی هونەرییان کردەوە.

پێشانگاکە بە ناوی 'سنور، ڕێککەوتننامەی لۆزان، ١٩٢٣ – ٢٠٢٣' لە مۆزەخانەی مێژووی لۆزان کرایەوە. گریگۆری ژونۆد سەرۆک شارەوانیی لۆزان، نوێنەرانی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد، سەڤگی کۆیونجو بە ناوی کۆمیتەی لۆزانی ٢٠٢٣ ، نوێنەرانی زۆرێک لە حیزبە سیاسییەکانی سویسرا و دەیان هونەرمەند، نووسەر و سیاسەتمەداری تورکیا و کوردستانی بەشدارییان تیادا کرد.

لاورێنت گۆلای بەڕێوەبەری مۆزەخانەی لۆزان لەبارەی پێشانگاکەوە وتی، "بەم پێشانگایە، خاڵ و شوێنی کۆنفرانسی لۆزان، کە پێش رێککەوتننامەی لۆزان نزیکەی نۆ مانگی خایاند، دەهێنێتەوە بیرمان. دامەزراوە مێژووییەکانی لۆزان وەک کۆشکی بیاو – ڕیفاگی ، کە ئێستا ناوی کلینیکوی سیسیل-ە لە پایتەختی کانتۆنی ڤاودێ میوانداریی لە ڕووداوەکانی ئەو ساڵە کرد. ئامانج لەم پرۆژەیە ئەوەیە، کە پەیوەندیی نێوان ئەنداماندا دروست بکرێت و کاریگەرییەکی هاوچەرخ نیشان بدرێت".

دواتر گریگۆری ژونۆد سەرۆک شارەوانیی لۆزان سڵاو لە ئامادەبوان کرد و ڕایگەیاند، دوای ڕێککەوتننامەکە نەخشەی ناوچەکە سەرلەنوێ ڕێکخرایەوە. ڕاشیگەیاند، "ڕێککەوتننامەی لۆزان، کە لە ٢٤ی تەموزی ١٩٢٣دا ئیمزا کرا، تاکە ڕێککەوتننامەی نێو  ڕێککەوتننامەکانی ئەو سەردەمەیە، کە دوای شەڕدا ئیمزا کراوە و هێشتا کاریگەرییەکانی بەردەوامە".

ژونۆد وتی، "ئەم پێشانگایە پێشانگای یادکردنەوەیە. ئەو ڕێککەوتننامەیە، کە لە لۆزان ئەنجامدرا و ناوی 'ڕێککەوتننامەی ئاشتی' لێنرا، بە داخەوە هێشتا دوای ١٠٠ ساڵیش نەیتوانیوە ئاشتی بەدی بهێنێت".

ژونۆد ئەوەشی وت، ڕێککەوتننامەکە ئازاری زۆر قورسی بە کوردان، ئەرمەنییەکان، ڕۆمییەکان و گەلان داوە، بۆیە پێشانگاکەشیان بۆ یادکردنەوەیە.

لە ڕەوتی پێشانگاکەا گروپی جیاجیای گەلان لە لۆزان، کورد، ئەرمەن، ڕۆمی و تورک لەسەر کاریگەریی ڕێککەوتننامەی لۆزان چالاکی ئەنجام دەدەن.

پێشانگاکە تاوەکو ٨ی تشرینی یەکەم لە مۆزەخانەی مێژووی لۆزان بەردەوام دەبێت.

ژ.ت