لە نەورۆزی ئەستەنبوڵ نیشاندانی ئیرادە: لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆداین

کوردان لە نەورۆز ئەستەنبوڵدا جارێکی دیکە دڵسۆزییان بۆ ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادی نیشان دا. ئیرادەی خۆیان بە بەهێزی بەیانکرد تاوەکو کۆتایی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدان.

نەورۆزێکی دیکە تێپەڕی. ئەمساڵ بە پێی ساڵانی ڕابردوو لە پڕۆسە و پێشکەوتنی گرنگ گەواهیدەری کرد، هەربۆیە نەورۆزی ئەمساڵ مانادارتر بوو. هەم کوردان هەم دەوڵەتی تورکیش مەراقی ئەوەیان کرد نەورۆز چۆن تێپەڕ دەبێت و گەلی کورد لە چ ئاستێکدا بەشدار دەبێت.

گۆڕەپانەکانی نەورۆز بە تایبەتی لە باکووری کوردستان و تورکیا تەنها جەژنێک نەبوو. نەورۆز بە ساڵان لە تورکیا و باکوور پیرۆز دەکرێت، هەمیشە وەک بەیانکردنی ئیرادە بوو. پێش نەورۆزی ٢٠٢٥ بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە پەکەکە زۆر تاوتوێ کرا، قسە و تەنانەت بانگەشەی ئەوەشکرا گەلی کورد بە بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ خۆشحاڵ نییە، پەیوەندییەکانی کۆتایی پێهێناوە، بەڵام دوای ئەوەی ئاگری نەورۆز چووە گۆڕەپانەکان، ئاشکرا بوو ک بە ڕاستی بەم شێوە نییە.

ئیستەنبوڵ وەک شارێکی گەورەی کوردان لە تورکیا دەناسرێت. لەبەر ئەمەش دوای نەورۆزی ئامەد هەموو سەرنجەکان لەسەر نەورۆزی ئیستەنبوڵ بوو. دوای بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ سەرنج لەسەر ئامەد و ئیستەنبوڵ بوو. ئیستەنبوڵ ئەمڕۆ جارێکی دیکە نیشانی دا لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆیە.

دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' تەواوی ڕۆژەکە بەردەوامبوو

کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆز بۆ کۆبوونەوەی کاتژمێر ١٠ بانگەوازی کردبوو، بەڵام کورد دوو کاتژمێر پێشتر چوونە گۆڕەپانی نەورۆز. لە کاتژمێر ١٠ لە ماوەی چەند خولەکێکدا پێش سەکۆکە بە تەواوی پڕ بوو. ئەوەی سەرنجی ڕاکێشا زۆرینەی ژن و گەنج بوون لە گۆڕەپانەکە. شتێکی تر کە سەرنجی ڕاکێش بوو، ئەوە بوو دروشمی ‘بژی سەرۆک ئاپۆ’ ‘ژن، ژیان، ئازادی’ دەنگی دایەوە. لە ماوەی کاتژمێرێکدا گۆڕەپانەکە پڕ بوو.

لە کاتی قسەکردنیشدا، هەر کاتێک ناوی ڕێبەر ئاپۆ دەهات، چەپڵە لێ دەدرا. وێنەی گەنجیی ڕێبەر ئاپۆ و وێنەی وێنەی ئەم دواییانەی لەسەر شاشەی گەورە نیشاندرا و جۆشی جەماوەر بەمەش زیاتر بوو. بە سەدان هەزار کەس بە جارێک دروشمی ‘بژی سەرۆک ئاپۆ’یان بەرزکردەوە.

کاتێک دەنگی ڕێبەر ئاپۆ بیسترا، هەندێک کەس گریان

ئەو کاتەی کە زۆرترین هەست و سۆزی وروژاند، کاتێک بوو کە بۆ وێنەگرتن چوومە ناو مەیدانەکەوە، گەنجێک وێنەیەکی لە مۆبایلەکەیەوە پیشاندام و داوای لێکردم لە مەیدانەکەدا وێنەی بگرم. گەنجەکە وێنەی برا شەهیدەکەی کە شەڕڤانی یەپەگە بوو پیشانی دام و داوای لێکردم لە گەڵ وێنەی براکەی لە مەیدانەکەدا وێنە بگرم. دەیویست برا شەهیدەکەیشی لەم نەورۆزە مێژووییەدا  هەبوایە. سۆز و وەفاداری گەنجان بۆ رێبەر ئاپۆ زۆر سەرنجڕاکێش بوو. بەردەوام وێنە گەورە و بچووکەکانی ڕێبەر ئاپۆیان لە مەیدانەکەدا بەرز دەکردەوە.

کاتێک پەیامی پیرۆزکردنی نەورۆزی رێبەر ئاپۆ لە بڵندگۆی مەیدانەکەوە پەخشکرا، بینیم کە ئەم گرێدراوبوونە چەندە بەهێزە. کاتێک دەنگی رێبەر ئاپۆ بیسترا، لەناکاو دروشمەکان وەستران؛ بەشێک لە بەشداربووان بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە گوێیان لە پەیامەکە دەگرت. پاشان جەماوەرە پێکەوە دروشمی "بژی ڕێبەر ئاپۆ"یان بەرز کردەوە.

کورد لە مەیدانەکەدا وەڵامی مەنسوور یاڤاشی دایەوە

 گەلی کورد لە ئەستەنبوڵ وەڵامی هەموو کەسێکیان دایەوە. ئەوان بە حکومەتیان وت: "هیچ گۆڕانکارییەک لە گرێدراوبوونمان بە ڕێبەر ئاپۆدا ڕووی نەداوە"، هەروەها وەڵامی گونجاویان بە پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) دایەوە.

بە تایبەتی وڵامی قسەکانی مەنسوور یاڤاش، سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرەیان دایەوە، کە وتیبووی ئاڵای کورد لە نەورۆزی جزیردا "بەهایەکی نییە"، لە مەیدانەکەدا ناڕەزایەتی لێکەوتەوە. هەر ئەو ئێوارەیە ئۆزگور ئۆزەل ناچار بوو لەسەر قسەکانی مەنسوور یاڤاش داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات.

کوردان لە ئەستەنبوڵ جارێکی تر گرێدراوبوونیانی خۆیان بە ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادی کورد نیشان دا. هەروەها نیشانیان دا کە ئەوان سەربازی کەس نین و هەتا کۆتایی لە پشتیوانی ڕێبەرەکەیانن و بە ‌هێز و ئیرادەی خۆیانەوە خاوەنداری لێدەکەن.