لە رۆژێکدا ٢٥ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەچوون

لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران، تەنیا لە یەک رۆژدا لانیکەم ٢٥ گربوونەوەی ناڕەزایەتی موچەخۆران و چەند توێژێک دژی دۆخی نالەباری گوزەران و خراپی بەڕێوەبردن، ئەنجامدران.

ئاژانسی ھەرانا، (ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران) بڵاویکردووەتەوە، ڕۆژی ٢٨ ئاب، لانیکەم ٢٥ گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ڕۆژھەڵاتی و ئێران بەڕێوەچوون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو گردبوونەوانە لە لایەن بەشێک لە خانەنشینانی کۆمپانیایی حکومی تەلەفون و پەیوەندییەکان، ژمارەیەک لە کرێکارانی کۆمپانیایی "ماشین سازی ئەراک"، کرێکارانی شارەوانی تاران و بەشێک لە کورتەباڵایان و بنەماڵەکانیان ئەنجام دراون.

خانەنشینان بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین

بە گوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕەکە، خانەنشینانی کۆمپانیایی حکومی تەلەفون و پەیوەندییەکانی ئێران، لە پارێزگانی کرماشان، ورمێ، سنە، ئیلام، خوزستان، گیلان، خوراسانی ڕەزەوی، ئەسفەهان، فارس، چوارمەحاڵ و بەختیاری، گۆڵستان، مازەندەران، تەورێز، لوڕستان، زەنجان، هورمزگان، مەرکەزی، تاران و یەزد، بە ھۆی خراپی دۆخی گوزەرانیان و جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان لە لایەن کاربەستان، لەوانەش چارەسەرنەکردنی کێشەکانی تایبەت بە دەستەبەری تەندروستی و پێنەدانی سەرجەم مافەکانییان، گربوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامداوە.

گربوونەوەی کورتە باڵایان

ھاوکات لە شاری تاران بەشێک لە کورتە باڵایان و بنەماڵەکانیان، لەبەردەم بینای سەرۆکایەتی کۆمار گربوونەوەیان ئەنجام دا و تێیدا داوایان کرد ئەو دەرمانانەیان بۆ دابینبکرێت کە پێویستیان پێیەتی.

گردبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران

کۆمەڵێک لە کرێکارانی کۆمپانیای "ماشین سازی ئەراک" وەک نیشاندانی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانیان و نەبوونی ئاسایشی کار، لە ناو حەوشەی ئەو کۆمپانیایە گردبوونەوە.

ئەو کرێکارانە جەختیان لەوە کردووەتەوە، "بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکە ناتوانن بە باشی بەڕێوەیببەن و بیگەیەنە ئاستی زیادکردنی داھات و قازانج".

هاوکات بەشێک لە کرێکارانی یەکێک لە پڕۆژەکانی شارەوانی تاران، لە بەردەم بینای شارەوانییەکە لە دژی دواکەوتنی موچەکانیان بۆ ماوەی چەند مانگ و ھەروەھا دۆخی نالەباری شوێنی کار، گردبوونەوەیان ئەنجام دابوو.

لە دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی'، خانەنشینانی دامودەزگا جیاجیاکانی ئێران یەکێک لەو توێژانەن کە تا ئێستا شەقامیان چوڵنەکردووە و بە بەردەوامی دژی دۆخی نالەباری گوزەران و پێ نەدانی سەرجەم مافەکانیان، گربوونەوەی ناڕەزایەتیان ئەنجامداوە.

ژ.ن