لە شاری ڕۆئانی فەرەنسا هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک ئیدانە کرا

لە شاری ڕۆئانی فەرەنسا لە هەرێمی نۆرماندی هێرشە کیمیایەکانی دەوڵەتی تورک بە رێکخستنی خۆپیشاندانێک ئیدانە کران.

چالاکییەکە لە شاری ڕۆئانی فەرەنسا بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە کوردستانیان لە گۆڕەپانی داد بەڕێوەچوو. میدیاکانی ناوچەکە و گەل زۆر بە چالاکییەکە کاریگەر بوون.

هەروەها کۆمۆنیستەکان و سۆسیالیستە دۆستەکانی کورد لە فەڕەنسا بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد. چالاکییەکە بە رێزگرتن لە شەهیدان دەستیپێکرد.

ئەو چالاکییە لە دوای چەندین ساڵ لە شاری ڕۆئان ڕێکخرا و چالاکوانان بۆ شەرمەزارکردنی هێرشە کیمیاییەکانی دەوڵەتی تورک پۆستەر و ئاڵاکانی پەکەکە و وێنەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان بەرزکردبووە.

 لە گۆڕەپانی داد ١٧ مۆم بۆ یادی ئەو ١٧ گەریلایی ئازادیی کوردستان داگیرسێنرا، کە بە چەکی کیمیایی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر شەهید ببوون.

چالاکوانان بە بەرزکردنەوەی دروشمی "ئەردۆغانی بکوژ"، "ئەردۆغانی تیرۆریست"، "دەوڵەتی تیرۆریستی تورک" و "بژی بەرخۆدانی گەریلا" سەرنجی خەڵکیان ڕاکێشایە سەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر.

چالاکوانان ڕایانگەیاند، پشتیوانی گەریلاکانی کورد دەبن، کە قارەمانانە لە دژی تاوانە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست خۆڕاگری و بەرەنگاری دەکەن و داوایان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبلیو) کرد، بێدەنگیی خۆیان بەرامبەر هێرشە کیمیاییەکان و تاوانەکانی دەوڵەتی تورک بشکێنن.

چالاکیەکە بە وتنەوەی دروشمی دژ بە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کۆتایی پێهات.

ژ.ت