لە ستراسبۆرگ کەمپەینی واژۆکۆکردنەوە بۆ لابردنی قەدەغەی سەر پەکەکە بەڕێوەچوو
ئەندامانی دەستپێشخەریی ژنانی زین لە ستراسبۆرگ لەچوارچێوەی هەڵمەتی دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە "لیستی ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان" کەمپەینی واژۆکۆکردنەوەیان بەڕێوەبرد.
ئەندامانی دەستپێشخەریی ژنانی زین لە ستراسبۆرگ لەچوارچێوەی هەڵمەتی دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە "لیستی ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان" کەمپەینی واژۆکۆکردنەوەیان بەڕێوەبرد.
ئەندامانی دەستپێشخەریی ژنانی زین لە مەیدانی کلێبیر لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا ستاندیان دانا و واژۆیان کۆکردەوە بۆ ئەوەی ناوی پەکەکە لە لیستی "ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان" دەربهێنرێت.
ئەندامانی دەستپێشخەری ژنانی زین لە چالاکییەکەیاندا سەبارەت بە تێکۆشانی گەریلا و پاراستنی ڕەوای کورد و ئازادیی کوردان زانیارییان بەو کەسانە دەدا، کە لە گۆڕەپانەکەدا بوون و پیایدا تێدەپەڕین. چالاکییەکەیان لەلایەن هاووڵاتییانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
ژنانی چالاکوانی لە چالاکییەکەدا ڕایانگەیاند، وڵاتانی ئەوروپا سەرەڕای نەبوونی پێناسەیەکی نێونەتەوەیی ڕوون بۆ "تیرۆر"، تێکۆشانی کورد بە "تیرۆر" تاوانبار دەکەن و پشتیوانی لە سیاسەتە پاکتاوکاری و قڕکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەکەن و ڕاشیانگەیاند، پەکەکە بزووتنەوەیەکی گەلە و قەدەغەکردنی کار و خەباتی پەکەکە بە مانای پشتیوانیکردنە لە سیاسەتەکانی شەڕی پاکتاوکارانەى دەوڵەتى تورک.
ئەندامانی دەستپێشخەریی ژنانی زین ئاماژەیان بەوەشکرد، پەکەکە نوێنەرایەتیی گەلی کورد دەکات، کە بەلانیکەوە ٤٠ ملیۆن کەسە. وتیان، دەوڵەت لە کەسایەتی پەکەکەدا کوردان و ژنان تاوانبار دەکات و کوردان و ژنان وەک کەسانی تاوانکار نیشان دەدات.
ڕاشیانگەیاند، وڵاتانی ئەوروپا پابەند نین بە بڕیارەکانی دادگای لوکسەمبۆرگ و دادگاکانی بەلجیکا. ژنان ئاماژەیان بە گرنگیی گوشاری گشتی کرد و تیشکیان خستە سەر گرنگیی کەمپەینی واژۆکردنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، بە درێژایی ڕۆژ چالاکیی "هیچ رێگایەک بۆ فاشیزم نییە" لەلایەن سەندیکاکان و ئانتی – فا ڕێکخرابوو. ئەندامانی دەسپێشخەریی ژنانی زین، لە ستراسبۆرگ بەشداریشیان لە چالاکییەکەدا کرد، باسیان لە کەمپەینی واژۆکۆکردنەوە کرد و بەردەوام بوون لە بەڕێوەبردنی کارەکەیان.
ژ.ت