لە سوید بە یەک دەنگ: ڕۆژئاوای کوردستان دەپارێزین
کوردستانیان لە ستۆکهۆڵمی پایتەخت و چەند شارێکی سوید ڕژانە گۆڕەپانەکان، هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوایان شەرمەزار کرد و گوتیان: "ڕۆژئاوا شکۆی ئێمەیە؛ بە هەموو نرخێک دەیپارێزین".
کوردستانیان لە ستۆکهۆڵمی پایتەخت و چەند شارێکی سوید ڕژانە گۆڕەپانەکان، هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوایان شەرمەزار کرد و گوتیان: "ڕۆژئاوا شکۆی ئێمەیە؛ بە هەموو نرخێک دەیپارێزین".
کوردانی سوید سەرەڕای کەشوهەوای سارد لە چەند شارێک چالاکیان ئەنجامدا و هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوایان شەرمەزار کرد.
ستۆکهۆڵم
لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، لەسەر بانگەوازی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد (نەجەدەکە) ڕێپێوان ئەنجامدرا.
پێش ڕێپێوانەکە هاوسەرۆکی کەنەکە زەینەب موراد و ڕۆژنامەوان کوردۆ باکسی قسەیان کرد.
هاوسەرۆکی کەنەکە زەینەب موراد ڕایگەیاند هاوشێوەی ١٥ ساڵ لەمەوبەر دیسانەوە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دەیانەوێت گەلی کورد لە ڕۆژئاوا لەناوببەن، گوتی: " پێشتر بینیمان دەوڵەتی تورک لە عەفرین، کۆبانی، گرێ سپی چی بەسەر گەلی کورددا هێناوە. ئەم هێزە خوێنڕێژ و نەژادپەرستانە چەندین کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا کە دەبێتە شەرمەزاری بۆ مرۆڤایەتی لە لاپەڕەی مێژوودا. ئەمڕۆش دەیانەوێت هەمان کار لەگەڵ چەتەکانیان ئەنجام بدەنەوە. با بزانن هەزاران گەنجی کورد لە ئاگری و دیاربەکرەوە تا کرماشان و ئیلام و کەرکوک و سلێمانی گیانی خۆیان بەخت کرد بۆ پاراستنی وڵاتەکەیان. بانگەوازی من ئەوەیە کە هەموو کوردان دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان. با هەمووان بزانن کە هەرچییەک ڕووبدات ئێمە دەستبەرداری گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا نابین".
ڕۆژنامەوان کوردۆ باکسی بە سویدی قسەی کرد، ڕایگەیاند چەتە و جیهادیستەکان پێشتر هێرشیان کردە سەر کۆبانێ، ئەمڕۆش ناوی خۆیان گۆڕیوە و بە هاوپەیمانێتییەکی نوێ هەڕەشە لە هەبوون و دەسکەوتەکانی کورد دەکەن، گوتی: "هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە گەلەکەیان دەپارێزن، وە بوونەتە جێگەی ڕێزی هەموو ئازادیخواز و مافپارێزێکی جیهان. ئەو جیهادیستانە دوژمنی ژنان و مافی ئایین و نەتەوە جیاوازەکانن، جارێکی تر بە دەسپێشخەریی دەوڵەتی تورک هێرش دەکەن. دەزانین دەیان ساڵە داگیرکەران لە کوردستان هێرش و کۆمەڵکوژی وەها ئەنجام دەدەن بۆ لەناوبردنی گەلی کورد. بەڵام چۆن دیکتاتۆری وەک سەدام حوسەین شکستی هێنا، داگیرکەرە جیهادیستەکان و تورکیا و ئێرانیش شکست دەهێنن".
پاش قسەکان سەدان کەس ڕێپێوانیان کرد و درووشمی "بژی بەرخۆدانی یەپەگە و یەپەژە" و "بژی پشتیوانی بۆ ڕۆژئاوا" و "بمرێ داگیرکاری دەوڵەتی تورک" بەرزکرایەوە.
کوردستانیان بڵاوکراوەیان بەسەر سویدییەکاندا دابەشکرد و زانیارییان دەربارەی ڕەوشی ڕۆژئاوا پێ بەخشین.
ڕاگەیاندرا، چالاکییەکانی لەم شێوەیە بەردەوام دەبێت، هەوڵی دیپلۆماسی بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا درێژە پێ دەدەن.
کارڵستاد
نوێنەرانی شاری کارڵستادی پارتی سەوزی سوید بەشداری چالاکییەکەی کارڵستاد بوون. چالاکییەکە لە ناوەندی شارەکە ئەنجامدرا، بانگەوازکرا بۆ یەکگرتن لەپێناو پاراستنی کوردانی حەلەب و شەهبا.
ڤێسترۆس
لە شاری ڤێسترۆسی سوید، دژی هێرشەکان چالاکییەک ئەنجامدرا، سەدان کەس بەشداری چالاکییەکە بوون، لە چالاکییەکەدا بانگەوازکرا بۆ بایکۆت کردنی کاڵا و بەرهەمە تورکییەکان.
گۆتەبێرگ
لە شاری گۆتەبێرگ، سەدان کەس هێرشەکانیان شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند پێویستە ڕای گشتی نێونەتەوەیی دەوڵەتی تورک سزا بدات بەهۆی داگیرکارییەوە. ڕێکخراوە کۆمۆنیست و مافپارێزەکان پشتیوانی چالاکیەکەیان کرد.
یەڤلە
لە شاری یەڤلە لە باکووری سوید، کوردان ڕژانە گۆڕەپانەکان. هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا شەرمەزار کران و سویدییەکان پشتگیری چالاکییەکەیان کرد.