لە ئامەد و ئەستەنبوڵ چەندین ئەندامی دەم پارتی دەستبەسەر کران

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پۆلیسی تورک هەڵیکوتایە سەر زۆرێک لە ماڵەکانی ئەستەنبوڵ و ئامەد و نزیکەی ٢٠ کەسی دەستگیرکرد کە ئەندامانی تەڤگەری گەنجان و بەڕێوەبەرانی دەم پارتی لە ناویاندا هەیە.

لە ئەستەنبوڵ، پۆلیس بەڕێوەبەری ڕێکخستنی گازی عۆسمانپاشای دەم پارتی دۆگو یڵماز و ئەندامی پارتەکە سلێمان تورگوتی دەستگیرکرد.

هەروەها لە ئامەد گەنجانێکی زۆر دەستبەسەر کران، لەنێویاندا ئەندامانی تەڤگەری گەنجانی دەم پارتی دستگیر کراون، تا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکردنەکان ئاشکرا نەکراوە.

لێکۆڵینەوەکانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی کۆماری بورسا وەک بیانوویەک بۆ هەڵکوتانە سەر ماڵەکان بەکارهێنراوە.

ناوی دەستگیرکراوەکان بەم شێوەیەن: "مەرت فیگەن، ئۆگوژان ئازبای، فەرهات ڤوراڵ، هێبون دۆگری، کانان ئاکان، ئەردە ئێریلماز، باران تەرهان، دەلیل گونەشلی، بەرفین سوباشی، محەمەد کەهرامان، فەرهاد چیچەکلی، عەبدوڵا ئەرشیمێت، ئەیوپ حیکیم ئۆغڵو، جەنگیز کازیچی و موراد سۆنمێز”.

پۆلیس کەل و پەلی خانووەکانی هەڵوەشاندووە. ڕاگەیەندراوە کە ڕەنگە ژمارەی دەستگیرکردنەکان زیاد بکات.