لە ئیسپانیا ساڵیادی شۆڕشی رۆژئاوا و شۆڕشی ئیسپانیا پیرۆز کرا

ساڵیادی شۆڕشی رۆژئاوا و شۆڕشی ساڵی ١٩٣٦ی ئیسپانیا لە دژی فاشیزمی فرانکۆ، لە زۆرێک لە شارەکاندا پیرۆز کران.

ساڵیادی شۆڕشی رۆژئاوا لە ١٩ی تەممووز و ساڵیادی شۆڕشی ١٩٣٦ی ئیسپانیا لە دژی فاشیزمی فرانکۆ پێکەوە لە زۆرێک لە شارەکانی ئیسپانیا پیرۆز کران.

لە شاری ڤالانسیا پیرۆزباییەکی شکۆمەندانە بۆ هەر دوو شۆڕشەکە بەڕێوەچوو، کە لەلایەن کۆمیتەى خۆسەری ژنان بۆ گەڕان بە دوای ئازادیدا رێکخرابوو.

چالاکییەکە بە ئامادەبوونی دەیان کەس بەڕێوەچوو و پۆستەرێک، کە لەسەری نووسرابوو "ئێمە شۆڕش پیرۆز دەکەین. لە ساڵی ١٩٣٦ تاوەکو ٢٠١٢، ئەوان تێناپەڕن (مەبەست ئەوەیە دوژمن ناتوانێت لە بەرەکانی شەڕدا بەسەر شۆڕشگێڕاندا تێپەڕێت  -NO PASARAN) ، بژی رۆژئاوا" بەرزکرابووە.

لە چالاکییەکەدا لەسەر گرنگیی هەر دوو شۆڕشەکە وتە پێشکەشکرا و جەخت لە پشتیوانییەکان بۆ شۆڕشی رۆژئاوا کرایەوە.

دەستەیەک بە پێشەنگایەتیی کۆمیتەى بەرخودانی ئینتەرناسیۆنالیست رۆیشتن بۆ سەر چیای کۆلسیرۆلا، کە قەڵای ماکس-ی تیادایە و لە بەردەم قەڵاکەدا، کە ماوەیەکی زۆر لانکەى شۆڕشگێڕەکان بووە، یادی شەهیدانی شۆڕش کرایەوە.

ژ.ت