لە ئیستەنبوڵ ١٥ کەس زیندانی کران

لە ئیستەنبوڵ لە کۆی ٣٥ کەس کە لە ٢٦ تشرینی یەکەم دەستبەسەر کرابوون ١٥کەسیان زیندانی کران.

لەدوای چالاکی تابووری نەمران لە ٢٣ تشرینی یەکەم لە دژی توساش، لە سەرانسەری تورکیا ئۆپەراسیۆنی قڕکردن ئەنجامدرا. کەسانێک کە لە ئەنجامی هەڵکوتانە سەر ماڵەکانیان دەستبەسەر کرابوون، ئەمڕۆ دوای وەرگرتنی وتە لێیان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس، ڕەوانەی داواکاری گشتی کران.

لەو ٣٥ کەسەی کە دەستەبەسەر کران، ١٥ کەسیان بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخستندا زیندانی کران. پارێزەر بەدرخان سارسلماز ئەندامی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) لە ناو زیندانیکراواندایە.

بە گوێرەی زانیارییەکان ئەو  ٣٥ کەسە بە هەڵە دەستبەسەر کرابوون.

پارێزەرەکانی ئەندامی(ئۆدەهە) کە لە لێپرسینەوەکەدا ئامادە بوون، ئاماژەیان بەوە کردووە کە پۆلیس هیچ بەڵگەیەکی بۆ تۆمەتبارکردنی دەستگیرکراوەکان نەبووە و بەتەواوی لە سەر بنەمای هەڵە و ڕاپۆرتی هەواڵگیری دەستگیرکراوان.

پارێزەرەکان ئاماژەیان بۆ ئەوەش کردووە، لە لێپێچینەوەی دەستبەسەرکراوەکاندا ئەم جۆرە پرسیارانە کراون: ئایا ئەندامی گەنجانی شۆڕشگێڕن یان نا؟یان پرسیاری گریمانەیی لەم شێوەیە: ئایا نیازی بەشداریان هەبووە لە چالاکییەکەدا یان نا؟ یان ئایا ئەو کۆمەڵانەی کە سەردانتان کردوون داوای پارەیان لێکردوون یان نا؟

 پارێزەرەکان ڕاشیان گەیاندووە، کە پەیامەکانی هەدەپە بۆ ئاگادارکردنەوە لە چالاکییەکان وەک بیانوویەک بۆ ئەندامێتی لە ڕێکخستندا  نیشان دراوە.

هاوکات زانراوە ئەو داواکاری گشتییەی کە فەرمانی دەستبەرکردنەکەی دەرکردووە لە پشوودا بووە.