لە زوریخ و ماریگنان هێرشە داگیرکەرییەکان ئیدانە کران

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر شەنگال لە شاری زوریخی سویسرا و لە شاری ماریگنانی فەرەنسا ئیدانە کران.

زوریخ

کوردان لە شاری زوریخی سویسرا بە رێکخستنی چالاکییەک ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک نیشان دا.

چالاکییەکە لەسەر داوای نەجەدەکە زوریخ و ئەنجومەنی ژنانی بێریتان لە بەردەم کۆنسوڵخانەى تورک لە زوریخ رێکخرابوو.

لە چالاکییەکەدا ئاڵاکانی یەبەشە، پەکەکە، هەبەدەهە، تەجەشە و وێنەکانی سەعید حەسەن فەرماندەی یەبەشە و شەڕڤانی یەبەشە عیسا خودێدا بەرزکرابوونەوە.

لە چالاکییەکەدا بەدرخان قەهرەمان نوێنەری ئەنحوومەنی شەنگال لە دیاسپۆرا وتی، "هاوکاریی پەدەکە و بەغدا بۆ دەوڵەتی تورک لە گۆڕێدایە. ئەو هێرشانە لە دژی یاسا نێونەتەوەییەکانە. ئێمە خاوەنداری لە دەستکەوتەکانی گەلی شەنگال دەکەین و بەرخودانی خۆمان گەشتر و بەهێزتر دەکەین".

چالاکییەکە بە وتنەوەی دروشم لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک کۆتایی پێهات.

ماریگنان

لە شاری ماریگنان لە فەرەنسا گەنجانی ئەندامی تەجەشە هێرشەکەى سەر شەنگالیان ئیدانە کرد. لە چالاکییەکەیاندا پەیامی 'ئێمە لێپرسینەوە لەو کۆمەڵکوژییە دەکەین و پلانە پاکتاوکارییەکانی دەوڵەتی تورک پووچ دەکەینەوە' بڵاوکرایەوە.

ژ.ت