لە زوریخ یادی قوربانیانی بوومەلەرزەکە کرایەوە

پردی خوشک و برایەتیی زوریخ – ئامەد، لەبەردەم پەرلەمانی کانتۆنی زوریخ کۆبونەوە و بۆ یادی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەی مەرەش دا گیانیان لەدەستداوە مۆمیان داگیرساند.

پردی خوشک و برایەتیی زوریخ - ئامەد لە کانتۆنی زوریخی سویسرا مەراسیمێکی یادکردنەوەیان بۆ دەیان هەزار کەس ڕێکخست، کە لە بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی کوردستان، تورکیا و سوریا دا گیانیان لەدەستدابوو. یادەکە لەبەردەم پەرلەمانی کانتۆنی زوریخ بەڕێوەچوو. چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان بەشدارییان لە یادەکەدا کرد.

بۆ ئەوانەی لە بوومەلەرزەکە گیانیان لەدەستداوە، خولەکێک ڕێزگرتن بەڕێوەچوو و مۆم داگیرسێندرا. پاشان ڕاگەیاندراوێک بە ناوی پردی خوشک و برایەتیی زوریخ - ئامەد بە زمانی ئەڵمانی خوێندرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بەپێی لێدوانی فەرمی زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس لە بوومەلەرزەکان دا گیانیان لەدەستداوە و ڕاشیانگەیاند، "ئامەد کە خوشک و برای زوریخە، ئەوەندەی ڕوون بووەتەوە ٤٠٤ کەسی لە بومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە. هەزاران کەس بەبێ ماڵ و حاڵ بوون. بەهۆی هێرشە سەربازییەکانی تورکیا، ناوچە کوردییەکانی باکوری سوریا و بە شێوەیەکی سەرەکی عەفرین، زۆر بە بومەلەرزەکە کاریگەر بوون و زیانی زۆریان پێگەیشت".

بەناوی پارتی سەوزەوە جولیا هۆفستتەر، بەناوی پارتی سۆسیالیست (SP) مارکۆ دینۆت و بەناوی لیستی ئەلتەرناتیڤ (AL) واڵتەر ئانگست وتەیان پێشکەشکرد و سەرەخۆشییان لەکەسوکاری قوربانیانی بومەلەرزەکە کرد و لە وتەکانیاندا ڕەخنەیان لە دەوڵەتی تورک گرت، کە دەستبەجێ دوای بوومەلەرزەکە بڕیاری باری نائاسایی ڕاگەیاندووە و هەروەها رژێمی ئەسەدیان سەرکۆنە کرد، کە ڕێگە نادات یارمەتیەکان بگەنە ڕۆژئاوا.

لە کۆتایی یادەکەدا ڕاگەیاندرا، پشتیوانیکردنیان بۆ کورد بەردەوام دەبێت.

ژ.ت