لە سەروبەندی یەکەمین ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی ' ژن،ژیان، ئازادی'، هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران، شەپۆلێکی نوێی گوشار، ترس و تۆقاندنیان لە دژی چالاکوانان و هاوڵاتیانی کورد دەستپێکردووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم ٢٠ چالاکوان و هاوڵاتیی کورد لە پارێزگا جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون، کە چارەنووسی زۆربەیان نادیارە.
بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی تۆڕە مافی مرۆڤ لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا بڵاویکردووەتەوە، هەریەک لە "مامل شەریفی، ئەرسلان خەیری، هیوا ڕاهنشین، هیوا شەبئاهەنگ، هیدایەت خەستە، شیرکۆ نەسیری و ئەشکان ڕەسووڵی" لە مەهاباد، "حوسێن مەحمودپوور، لوقمان سۆخەنوەر و هۆشیار قادری" لە پیرانشار، "ئەیوب میرزایی و شیروام خزری" لە شنۆ، "بەهار ئەحمەدی، زریان مەلایی و زیلان مەلایی" لە سنە، "ئەرسلان یوسفی" لە بوکان، "فەرمێسک بابایی" لە پاوە و "ڕەزا بەبرنژاد" لە قووچان دەستبەسەر کران.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوو، دەیان هاوڵاتی دیکە لە سەرجەم پارێزگاکانی رۆژهەڵات لەلایەن هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران دەستبەسەر کرابوون.
شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی چالاکوانان و هاوڵاتیان کورد لە کاتێکدایە، بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزەکانی دەوڵەتی ئێران، گوشارەکانیان بۆسەر بنەماڵەی گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' چڕکردووەتەوە، هەڕەشەی ئەوەیان لێدەکەن، "خۆیان لە هەموو جۆرە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەک لە یەکەمین ساڵیادی کۆژرانی ژینا ئەمینی بەدوور بگرن".
ژ.ن