کارەساتی ژینگەیی و نیگەرانییەکان لەبارەی لێکەوتەکانی وشکبوونی دەریاچەی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تا دێت زیاتر دەبێت، لەو چواچێوەیەشدا سەندیکای پارێزەرانی ورمێ ڕایگەیاند، "لە دژی ئەو کەسانەی بوونەتە هۆکاری وشکبوونی دەریاچەکە دۆسیە دەکەنەوە".
پێشتر بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكانی پارێزگای ورمێ ڕایگەیاندبوو، لە ئێستادا ٩٥٪ی دەریاچەی ورمێ وشكبووە، بەڵام نوێترین وێنەی دەریاچەکە، کە ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە بڵاوکرایەوە، دەریدەخات تاڵاوەکانی خوێ فراوانتر بوون، هەروەها سەرجەم ئەو بەشانەی پێشتر ئاویان تێدابوون وشکبوون. ئەوەش نیگەرانی زۆری ڕایگشتی و ژینگە پارێزانی لێکەوتووەتەوە.
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی نیگەرانیەکان، عەلی عەلیزادە، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری سەندیکای پارێزەرانی ورمێ ڕایگەیاندووە، "لە دژی ئەو کەسانەی بوونەتە هۆکاری وشکبوونی دەریاچەکە دۆسیە دەکەنەوە".
عەلیزادە ئەوەشی خستەڕوو، "لە دژی ئەو هەنگاو و کردەوانەی کە بوونەتە هۆی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ، تێکچوونی هاوسەنگی ئیکۆلۆژی و لەناوبردنی ئیکۆسیستەمی ئەو ناوچە سروشتییە، سکاڵا تۆمار دەکەن".
سەندیکای پارێزەران بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە دەکات
سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری سەندیکای پارێزەرانی ورمێ ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە دژی سەرجەم کەس، دامەزراوە و دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان، ئەو یەکە پیشەسازی و وەبەرهێنانانەی زیانیان بە ژینگە گەیاندووە، دۆسیە و سکاڵا دەجوڵێنرێت و سەندیکای پارێزەرانیش بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە دەکات.
کاربەدەستان هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەکە نانێن
ناڕەزایەتییەکان دژی وشکبوونەوەی دەریاچەی ورمێ و نیگەرانی لە لێکەوتەکانی، وەک هەڵکردنی زریانی خوێ، لە کاتێکدایە کاربەدەستانی دەوڵەتی ئێران ئەو کارەساتە ژینگەیە بە "شتێکی ئاسایی" ناودەبەن و بە زۆربوونی وشکەساڵی لە جیهاندا دەیبەستنەوە و هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ ژیاندنەوەی ئەو دەریاچەیە نانێن و دەڵێین: "هیوادارن لە وەرزی بارانبارینی پاییزەدا دەریاچەی ورمێ بژییەتەوە!".
جێی باسە، وشكەساڵیی، خراپ بەكارهێنانی سامانی ئاو، هەڵكەندنی ژمارەیەكی زۆر بیر لە دەوروبەری دەریاچەی ورمێ، بێ پلانیی و سیاسەتی هەڵەی حكومەتی ئێران لە مامەڵەكردن لەگەڵ سامانی ئاو، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕینی ڕێڕەوی بەشێك لە ڕووبارەكان، بە سەرەكییترین هۆكارەكانی وشكبوونی دەریاچەی ورمێ دادەنرێن.
هـ.ب