ماکرۆن: هاوکارییەکانمان بۆ باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوام دەبێت

کۆشکی ئیلیزێ لەبارەی چاوپێکەوتنەکەى ئیمانوئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا لەگەڵ شاندەکەى مەسەدە رایگەیاند، ماکرۆن بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیی خۆی بۆ باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا.

لەسەر بانگهێشتی ئیمانوئێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا، رۆژی یەکشەمە شاندێکی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە / MSD) سەردانی فەرەنسایان کرد و لە کۆشکی ئیلیزێ لە شاری پاریس لەگەڵ شاندەکەدا کۆبوویەوە. لەبارەی چاوپێکەوتنەکەوە  کۆشکی ئیلیزێ راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

شاندەکەى مەسەدە پێکهاتبوون لە ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی دەستەى بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە / MSD)، بێریڤان خالید هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا و غەسان یوسف هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی مەدەنیی دێرەزۆر و لە کۆشکی ئیلیزی لەگەڵ ئیمانوئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا کۆبوونەتەوە.

دوای چاوپێکەوتنەکە کۆشکی ئیلیزێ رایگەیاندراوێکی بڵاوکردەو و تیایدا هاتوە، ماکرۆن پێداگریی کردووە لەسەر "لەسەر ئارامیی سیاسی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و بەڕێوەبەرییەکی گەشتر و سەرکەوتووتر و لەو بابەتانەدا کە پێویستی بە کار هەیە".

ئیمانوئێل ماکرۆن سەرسامیی خۆی بە ئازایەتیی شەڕڤانان لە ناوچەى باکوور و رۆژهەڵاتی سوریای ژێر کۆنترۆڵی کوردان و فیداکاریی تێکۆشانی گەلی خۆجێی لە دژی داعش دەربڕیوە و سڵاوی لێکردوون.

ماکرۆن رایگەیاندووە، پاریس لە شەڕی دژی "تیرۆر" دا بەردەوام دەبێت لەگەڵ قەسەدەدا. لەو رۆژەوە قەسەدە لە ساڵی ٢٠١٧ رەقای کۆنترۆڵکرد، کە بە قەڵای داعش دەناسرا، فەرەنسا زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن یورۆ هاوکاریی مرۆیی بە ناوچەکە کردووە و بەڵێنی داوە، کە هاوکارییەکانیان زیاتر دەکەن.

ژ.ت