مانگرتن لە خواردنی ٣ڕۆژەی ESP لە ناوەندی پارتەکەیان لە ئەستەنبوڵ بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی کە بە مەبەستی داخستنی زیندانەکانی جۆری B مانیان لە خواردن گرتووە، بەردەوامی هەیە.
ئەندامانی پارتی سۆسیالیستی ستەملێکراوان کە مانیان لە خواردن گرتووە، لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد و ڕایانگەیاند کە زیندانەکانی جۆری B نەک تەنها بۆ بەشێک لە کۆمەڵگا، بەڵکو بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا مەترسین و داوای فراوانکردنی پشتیوانییان بۆ داخستنی ئەو زیندانیانە کرد.
سەرپیل تۆپاڵ، ئەندامی ESP، کە خۆی بۆ ڕاکێشانی سەرنج لەسەر مانگرتنی ٣ هەڤاڵەکەی دەستی بە مانگرتن کردووە، ئاماژەی بەوەدا کە ڕەفتارەکانی ناو زیندانەکان نیشانەی ئەو هەوڵانەیە کە بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێندرێت و ئاماژەی بە فشارەکان، هێرش و قەدەغەکردنەکانی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە کرد کە کاریگەریی نەرێنیان لەسەر هەموو کۆمەڵگا هەیە و وتی: "فاشیزم بۆ ئەوەی دەسەڵات و هەژموونی خۆی بپارێزێت، هەوڵدەدات ئیرادەی سۆسیالیست و شۆڕشگێڕان تەسلیم بکات و زیندان وەکوو ئامرازێک بەکاردەهێنێت.
هەروەها کەرەم بۆکرە، ئەندامی پارتی سۆسیالیستی ستەملێکراوان و بەڕێوەبەری شاری ئەستەنبوڵ کە مانی لە خواردن گرتووە، ڕایگەیاند؛ هیچ جیاوازییەک لە نێوان زیندانەکانی جۆری Y و B دا نییە و وتی: "ڕۆژانە تەنها یەک کاتژمێر ڕێگە دەدەن هەوای پاک هەڵمژی، ئەگەر باران ببارێت یان کەشوهەوا سارد بێت، ئەو ڕۆژە ئیتر ناتوانیت هەوای پاک وەربگری و بچیتە حەوشەی زیندانەکان."
کەرەم بۆکرە ئاماژەی بە هەڵوێست و بەرخۆدان لە دژی ئەو ڕێکارانە کرد و وتی: "میراتی زیندانیانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی تورکیا بەهێزە، کاتێک سەیری بەرخۆدان ساڵی ١٩٨٠دەکەین دەبینین دەستکەوتی زۆر بەدەست هاتووە، بۆیە هەتا ئەمڕۆ بەرخۆدان درێژەی هەیە."
کەرەم بوکرە لە کۆتایی قسەکانی داوای بەهێزکردنی بەرخۆدان و پشتیوانی کۆمەڵگای کرد و وتی: "نابێت ئەم بارگرانییە تەنها لە سەر شانی شۆڕشگێڕانی زیندان بێت. ئەگەر نەتوانین پەیوەندی لە نێوان بەرخۆدانەکانی زیندان و دەرەوە بەرقەرار بکەین، ئەوا هێرشەکانی سەر کۆمەڵگاش بەردەوام دەبن."
هەروەها ئەنەس گولەلی لە پارتی SGDF کە مانی لە خواردن گرتووە، ڕایگەیاند؛ زیندانەکانی جۆری B لەلایەن ڕژێمی فاشیستەوە بۆ شکاندنی ئیرادەی شۆڕشگێڕان بەکاردەهێنرێن و ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت دژی ئەم هێرشانە یەکبگرتوویی لە نێو کۆمەڵگا دروست بێت.