مایکڵ ڕۆبن، نوسەر و لێکۆڵەر لە "پەیمانگای ئەمریکان ئینتەرپرایز"، لە دوایین وتاریدا ڕەخنە لە مەسرور بارزانی و دەسەڵاتی هەرێم دەگرێت. باس لەوە دەکات، بەبۆنەی سیاسەتی بارزانییەوە، هەرێمی لە ڕەوشێکی ناسەقامگیردایە. بارزانی هەرێمەکەی نزیکردۆتەوە لە داڕوخانی ئابووری بەهۆی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن.
هەروەها تیشک دەخاتە سەر دوایین خۆنمایشکردنی مەسرور بارزانی، ئەوکاتەی هەوڵیدا لە شێوەی فیلمێکدا بانگەشە بۆ خۆی بکات وەک کەسێکی بەهێز، کتومت وەک بانگەشەکانی سەدام حوسێن و ئیدی ئامین و دیکتاتۆرەکانی تر. دەڵێت: " فیلمەکە هەوڵ دەدات جەخت لە خۆڕاگریی مەسروور بارزانیی بکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە شەقامی کوردیی دەپرسێت داخۆ بارزانی چەندە دەتوانێت خۆڕاگر بێت؟ لە کاتێکدا فێنککەرەوە بەکاردەهێنێت بۆ کاتی پێشکەشکردنی وتارەکانی لە دەرەوە، تا خۆی فێنک بکاتەوە، بەڵام هاوڵاتییانی هەرێم، ڕۆژانە ڕووبەڕووی بڕینی کارەبا و بەرزبوونەوەی نرخی کارەبا و سووتەمەنی دەبنەوە".
هەروەها باس لەو بانگەشانە دەکات گوایە جیاوازییەک لەنێوان مەسرور و نێچیردا هەیە، لەوبارەیەوە دەڵێت: " دانوستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هاوشێوەی کارکردنە لەگەڵ ویلیام “بۆس” توید، سەرۆکی دیموکراتی سەدەی ١٩ـی ڕێکخراوی سیاسیی تاممی هاڵ؛ مامەڵە لەگەڵ مەسروور هاوشێوەی کارکردنە لەگەل تاوانکار فرانک کاستێلۆ، هەردووکیان گەندەڵکارن، بەڵام لە پێشکەشکردن و لێهاتووییدا جیاوازییان هەیە، لە تویتەری خۆیدا مەسروور دەڵێت ” بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێزتر” بەڵام بەپێی دەنگی گشتیی مەسرور ڕێک لەمەدا شکستی هێناوە".
ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی خراپی بەڕێوەبردنەوە، بنەماڵەی بارزانی ناچارکراون هەموو نەوت و سامانێکی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکەن. مەسرور بەڵێنی بونیادنانی دوبەی دا، کەچی وڵاتێکی وێرانەی هاوشێوەی ئەریتریای لە کوردستان بونیادنا.
هەروەها باس لەوە دەکات، گەنجانی بەتوانای کورد، بەهۆی سیاسەتی بنەماڵەی بارزانی و حکومڕانی مەسرور، لە کوردستان کۆچ دەکەن و ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە. مەسروریش هەرێمی کوردستانی کردۆتە زیندانێک بۆ ڕۆژنامەنوس و دەنگە ئازادەکان.
لەکۆتاییدا، دووپاتی دەکاتەوە، کاتێک تورکیا لە هەرێمەکەیدا هاوڵاتیانی مەدەنی دەکوژێت بارزانی بێدەنگە، لە ئەنقەرەش وەک سواڵکەرێک ڕەفتار دەکات.