ملیۆنان ئیمزا بۆ پەکەکە کۆدەکرێتەوە
داوا دەکرێت بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی "ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان" دا ملیۆنان ئیمزا کۆبکرێتەوە.
داوا دەکرێت بۆ دەرهێنانی ناوی پەکەکە لە لیستی "ڕێکخستنە تیرۆریستییەکان" دا ملیۆنان ئیمزا کۆبکرێتەوە.
بۆ لابردنی ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە تایبەتی لە لیستەکانی 'ڕێکخستنە تیرۆریستییەکانی ئەمریکا و ئەنجومەنی ئەوروپا' بە پێشەنگایەتی 'دەستپێشخەریی دادپەروەریی نیونەتەوەیی بۆ کورد' لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ کەمپینێک دەستیپێکرد.
کەمپینەکە لە ئاستی نیونەتەوەییدا ئەنجام دەدرێت. زیاتر لە ١٠٠٠ کەسایەتیی ناسراوی ٣٠ وڵات کەمپینەکەیان ئیمزا کردووە و پێشەنگایەتیی بۆ دەکەن. ژمارەیەکی زۆر پەرلەمانتار، ئەکادیمیست، فیلمساز، سەرکردە سیاسییەکان، نووسەران و چالاکوانان بەشدارییان تیادا کردووە.
هەموو کەسێک دەتوانێت بەشداریی تیادا بکات
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەدەستپێشخەرییەکەوە دەستمانکەوتوون، هەموو کەسێک دەتوانێت بەشداری لەهەڵمەتەکەدا بکات. هەڵمەتەکە لە وێبسایتی (https://justiceforkurds.info) بە چەندین زمان دەستی پێکردووە. ئەم هەڵمەتە لە ئەوروپا، ئەمریکا، کەنەدا و ئوسترالیا بەڕێوەدەچێت. ناوەندەکانی کۆمەڵگەی کورد لە چوارچێوەی ئەو کەمپینەدا ڕۆڵی کارا دەگێڕن. لەو چوارچێوەیەشدا ستاند دادەنرێت و ئیمزا کۆدەکرێتەوە.
ئامانجەکە کۆکردنەوەی ٤ ملیۆن ئیمزایە
بەپێی زانیارییەکان، هەڵمەتەکە بەردەوامیی دەبێت و ئامانجەکەی کۆکردنەوەی ٤ ملیۆن ئیمزایە.
ئیمزاکان پێشکەش بەئەنجوومەنی ئەوروپا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لە ئەمریکا دەکرێت. هەروەها ئیمزاکان بۆ پەرلەمانتاران دەبێتە بەڵگە و فاکتێک و بەوەش کەمپینەکە دەخەنە بەرنامەی پەرلەمانی نەتەوەیی یان فیدراڵیی وڵاتەکانیانەوە.
دەستپێشخەرییەکە دەیەوێت پاساوی "لیستی تیرۆر" لە دەستی دەوڵەتی تورک دەربهێنێت، چونکە ئەو پاساوە بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانی خۆی بەکار دەهێنێت. دەوڵەتی تورک هەم بۆ هێرشە داگیرکارییەکانی و هەم بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکانی ناوەوە و بەتایبەتی کورد 'لیستی تیرۆر'ی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا و پێناسەى "تیرۆریست" دەکاتە پاساو و ئەو پاساوە بۆ شاردنەوەی تاوانەکانی بەکاردەهێنێت.
دەوڵەتی تورک بە بەردەوامی تاوانی جەنگ لە مەخمور و شەنگال و ڕۆژئاوا ئەنجام دەدات. بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانانە هەمان بیانوو و پاساو دەهێنێتەوە.
دەستپێشخەرییەکە بۆ شکاندنی بێدەنگیی هێزە نێونەتەوەییەکان بە گرنگی دەزانێت ناوی پەکەکە لە لیستەکە دەربهێنرێت. لە هەمان کاتدا لابردنی ناوی پەکەکە لە لیستەکەدا دەرگای هێنانەدیی دادپەروەری بۆ کورد دەکاتەوە.
ژ.ت