مۆپ کۆمەڵکوژیی سێمێلی ئیدانە کرد و رایگەیاند، "ئەو کۆمەڵکوژییە بووە هۆی ئەوە گەلی ئاسووری / سوریانی / کلدانی، کە خاوەنی شارستانیەتی میزۆپۆتامیان لە وڵاتی عێراق لە رووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتوری، جۆگرافی و زانستییەوە بکرێن بە خوارترین و پەراوێزخراوترین چین".
پارتى ئازادیى میزۆپۆتامیا (مۆپ - MOP) راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و کۆمەڵکوژکردنی ئاسووری، ئاشووری، سوریانی / کلدانییەکانی لە ساڵی ١٩٣٣ لە ناوچەى سێمێل ئیدانە کرد.
لە راگەیاندراوەکەى پارتى ئازادیى میزۆپۆتامیا (مۆپ - MOP) دا هاتووە، "یەکێک لەو ئازارانە، کە خەڵکی ئاسووری / سوریانی / کلدانی لە سەدەی ١٧ەوە دەیکێشن کۆمەڵکوژکردنەکان و کۆمەڵکوژیی سێمێلە. هەژموونی بەریتانیا، کە دەوڵەتی عێراقی دروستکرد، کاتێک بۆ سەرچاوە نەوتییەکانی موسڵ و کەرکوک سیستمی یاریپێکردن و داگیرکەریی عێراقی دروستکرد، گەلی دێرینی میزۆپۆتامیا ئاسووری / سوریانی / کلدانی لە وڵاتی خۆیاندا خستە ژێر زوڵم. دەوڵەتی عێراقیان بە خۆیانەوە بەستەوە و خەڵکی عەرەب و کورد لە ناو پێگەى خۆیاندا بە خۆیانەوە بەستەوە، گەلی ئێمەش لە دەرەوەی قەوارە و پێگە هێڵدرایەوە و بواریان بۆ کۆمەڵکوژیی سێمێل ئامادە کرد".
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "ئەو کۆمەڵکوژییە بووە یەکەم تاوان و کردەی دەوڵەتی عێراق. هێزەکانی عێراق، هاوکارە عەرەب و کوردەکانیان لەو کاتەدا پێکەوە ئەو کۆمەڵکوژییەیان ئەنجامدا. ئەو کۆمەڵکوژییە بووە هۆی ئەوە، کە گەلی ئاسووری / سوریانی/ کلدانی، کە خاوەنی شارستانیەتی میزۆپۆتامیان، لە وڵاتی عێراق لە رووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتوری و رۆشنبیری، جۆگرافی و زانستییەوە بکرێن بە خوارترین و پەراوێزخراوترین چین و کێشە نەتەوەییەکانی سەرکوت بکرێن. لێرەدا رێککەوتنێکی سێ قۆڵی هەیە، کە پشتبەستووە بە باڵادەستی، هەژمونگەرایی بەریتانیا، دەوڵەتی عێراق و هاوکارە عەرەب و کوردەکانیان. لێرەدا نەک تەنها نەتەوەیەک لە ناو دەبرا و دەسڕدرایەوە، بەڵکو هاوکات شارستانیەتی ٧٠٠٠ حەوت هەزار ساڵی لە ناو دەبرا، کە لە سومەرەکانەوە دەستپێدەکات و بە ئاسووری / سوریانی / کلدانییەکان بەردەوامیی پێدرا".
لە راگەیاندراوەکەدا داوا لە دەوڵەتەکانی جیهان و دەوڵەتی عێراق کراوە، کە "کۆمەڵکوژیی سێمێل" لە ساڵی ١٩٣٣ قبوڵ بکەن و دانی پیادا بنێن.
بانگیش لە گەلی ئاسووری / سووریانی / کلدانی کراوە، کە خاوەنداری لەو رۆژە مێژووییانە بکەن و لە گۆڕەپانە سیاسییەکانی جیهاندا لە رۆژەڤدا بیهێڵنەوە و تێکۆشن بۆ ئەوەی بەرپرسیارانی ئەو کۆمەڵکوژییە لێپرسینەوەیان لێ بکرێت و حسابی کۆمەڵکوژییەکە بدەن.
ژ.ت