مەراسیمێکی مەزن بۆ سێ شەهید لە هەرێمی عەفرین و شەهبا

هەزاران کەس لە هەرێمی عەفرین و شەهبا بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی سێ شەهید کە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کرانە ئامانج.

هەزاران کەس لە هەرێمی عەفرین و شەهبا بەشداربوون لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی سێ شەهید کە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کرانە ئامانج.

هەزاران کەس لە کانتۆنی عەفرین و شەهبا لەبەردەم نەخۆشخانەی هەڤرین لە شارۆچکەی ڤاڤین لە کانتۆنی شەهبا کۆبوونەوە، بەمەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمی سێ شەڕڤانی یەپەگە، دڵشێر عەفرین (یەحیا خدر)، تۆڵهەڵدان عەفرین (محەمەد حەمۆ)، ئامەد شێراوا (عەلی داود)، کە بەهۆی بەئامانجگرتنیان لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوانی داگیرکەری تورکەوە لە شارۆچکەی ئەحداس لە شەهبا شەهیدبوون.

پاش وەرگرتنی تەرمی سێ شەهیدەکە، سەدان ئۆتۆمبیل ڕوویانکردە گۆڕستانی بەرخۆدانی سەدە لە شارۆچکەی ئەحرەس لە کانتۆنی شەهبا.

لەگەڵ گەیشتنی کاروانەکە، گەل تەرمی سێ شەهیدەکەیان هەڵگرت بەرەو سەکۆی مەراسیمەکە بە گوتنەوەی دروشمی ستایشکردنی شەهیدان و دووپاتکردنەوەی درێژەدان بە ڕێگەکەیان. مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان دەستیپێکرد. پاشان بەڕێوەبەری مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە کانتۆنی عەفرین و شەهبا، حەسەن بەرکۆ، سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدەکان و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گەل کرد.

حەسەن بەرکۆ باسی لە سیاسەتی داگیرکەری تورک کرد بۆ لاوازکردنی بەرخۆدانی گەل، گوتی: "داگیرکەری تورک و چەتەکانی دەیانەوێت بەرخۆدانمان لاواز بکەن. کاتێک بە تۆپبارانی ناوچەکە و سەرنەگرتنی شەڕی تایبەت ناتوانن ئیرادەمان بشکێنن، فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان دەنێرن و ڕۆڵەکانمان دوور لە سەنگەرەکان دەکەنە ئامانج".

لای خۆیەوە، بەڕێوەبەر لە مەجلیسی کانتۆنی عەفرین و شەهبا، خەبات عەفرین، جەختی کردەوە لە بەتینکردنەوەی تێکۆشان دژی پیلانەکانی داگیرکەری تورک، گوتی: "بەرخۆدانی گەلی عەفرین لە خێوەت و ماڵەکان مەزنترین تێکدەرە بۆ پیلانی داگیرکەر و چەتەکانی، بۆیە دەبێت تێکۆشان بەتینتر بکرێت و ئیرادەمان بەهێزبێت بۆ لەناوبردنی پیلانەکانیان".

فەرماندەی یەپەژە، ڕۆژدا عەفرین، ڕوسیای بە بەرپرس زانی لە شەهیدبوونی ئەم سێ شەڕڤانەی یەپەگە، گوتی: "ڕوسیا وەک پارێزەری ئاگربەست لێرەیە بۆ وەستاندنی دەستدرێژی و تاوانەکانی داگیرکەری تورک، بەڵام ڕۆژ دوای ڕۆژ دەردەکەوێت، هەبوونی لەم هەرێمە تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیەتی، بۆیە ڕێگە بە تورکیا دەدات شەڕڤانەکانمان بکەنە ئامانج".

لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "سێ شەهیدەکە مێژووییەکی درێژیان هەیە لە شۆڕشدا و پێشەنگ بوون، توانیان داعشی پەروەردەکراوی تورکیا بشکێنن، بۆیە تورکیا لەبەرچاوی ڕوسیا و شوێنکەوتەکانی بەئامانجی گرتن".

لەکۆتایی قسەکانیدا، جەختی کردەوە لەسەر درێژەدان بە ڕێگەی سێ شەهیدەکە  تا بەدیهاتنی ئامانجەکانیان و ئازادکردنی هەموو ناوچە داگیرکراوەکان لە چنگی داگیرکەر.

پاشان ئەندامی کۆمیتەی پەروەردەی دیموکراتیک لە کانتۆنی عەفرین و شەهبا، شەریڤان حەمۆ، ناسنامەی شەهیدەکانی خوێندەوە  و ڕادەستی بنەماڵەکانیانی کرد، لەنێو هەلهەلەی دایکان و گوتنەوەی درووشمی ستایشکردنی شەهیدان.

پاشان تەرمی پیرۆزیان بەخاکسپێردرا.