"مردنی ئەردەم ڕووداوی ئاسایی نییە، کوشتنە"

کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ÎHD) ڕایگەیاند، مردنی ئەردەم ئاشکان (٥ ساڵ) بەهۆی شێلانی لەلایەن ئۆتۆمبیلی ئەفسەرێکی تورکەوە، ڕووداوی ئاسایی نییە، بەڵکو کوشتنی ئەنقەستە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ÎHD) ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە مردنی ئەردەم ئەشکانی تەمەن ٥ ساڵ بڵاوکردەوە کە لە شارۆچکەی گەڤەر لە جولەمێرگ، ئۆتۆمبیلی ئەفسەرێکی تورک لێیدا و کوشتی.

بەهۆی شێلانی ئۆتۆمبیلی سەربازی تورکییەوە دەیان مناڵی کورد مردوون

لە دەقی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "لە شارۆچکەی گەڤەر، مناڵێکی ٥ ساڵان بەناوی ئەردەم ئاشکان کە لەگەڵ دایکی و خوشک و برایەکی بووە، ئۆتۆمبیلێکی سەربازی ئەفسەرێکی تورک لێی داوە و بەهۆیەوە مردووە، لە دە ساڵی ڕابردوو، دەیان مناڵی کورد بەهۆی شێلانی ئۆتۆمبیلی سەربازی دەوڵەتی تورکەوە مردوون".

هەروەک لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: " وەک کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ÎHD)، چەندین جار ڕامانگەیاندووە، ئەم جۆرە ڕووداوانە بەبێ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی تێدەپەڕن، بەڵام بانگەوازەکەمان پشتگوێ خراوە، بەداخەوە، هێشتا مناڵان بەم ڕووداوانە گیان لەدەست دەدن، بەڕای ئێمە، مردنی ئەردەم ڕووداوێکی ئاسایی نییە، بەڵکو تاوانی کوشتنی ئەنقەستە".