مێردین، بە دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' ئاهەنگی سەرکەوتنی خۆی گێڕا

دەم پارتی جیا لە شارەوانی گەورەی مێردین، شارەوانی ئارتوکلو و کربۆرانیش کە لە ژێر دەستی ئاکەپەدا بوو بەدەست خست. گەلی مێردین بە دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" ئاهەنگی سەرکەوتنی گێڕا.

سەرکەوتنی مێردین

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان؛ پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا. بە ڕێژەی زیاتر لە 56% شارەوانی گەورەی شاری مێردینی بردەوە، هەروەها جارێکی دیکە شارەوانی کربۆران و ئارتوکلو کە بەدەست قەیومەکانەوە بوو بردەوە، شارەوانییەکانی شەمڕەخ، قۆسەر، دێریک و نسێبینی، بەدەستهێنایەوە.

ئەحمەد تورک سەبارەت بە سەرکەوتنی دەم پارتی وتی: ئەو کەسانەی دان بە کورددا نانێن، ناتوانن ببنە دەسەڵات

ئەحمەد تورک، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی گەل دەربڕی و وتی: "ئەمڕۆ گەلی کوردستان، گەلی مێردین وەڵامێکی گەورەیان دایەوە بە ئەوانەی ئیرادەمانیان پێشێلی کرد". پیرۆزبایی لە هەمووتان دەکەم. گەلی کورد بەو جۆش و خرۆشەوە بە ئامانجەکەی گەیشت. داهاتووی گەلی کورد گەشاوە. بە تێکۆشان و بەرخۆدانمان، داهاتووی گەلی کورد ڕوون دەکەینەوە. جارێکی تر دەیانویست بەپێچەوانەی ویستی گەل یاری گڵاو بکەن. بەڵام گەلی کورد گەورەترین وەڵامی دایەوە. بێگومان ئەم وڵامە وڵامێکی بەهێزە بۆ هەموو جیهان. بۆ ئەوانەی دەیانەوێت کورد لەناوببەن، دان بە ئیرادەی کورددا نانێن ناتوانن ببنە دەسەڵات."